Accessibility links

راوێژکارێکى سەرۆک کۆمارى عێراق: رەنگە پریشکى ئاڵۆزی نێوان ئەمەریکا و ئێران بەر عێراق بکەوێت


راوێژکارێکى سەرۆک کۆمارى عێراق، دەڵێت رەنگە پریشکى کێشە و ئاڵۆزى نێوان ئێران و ئەمەریکا بەر عێراقیش بکەوێت،لەو ڕووەشەوە بەپێویستى دەزانێت عێراق خۆى لە تەرەفگیرى بەدوور بگرێت.

لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگى ئەمەریکا، سالار مەحمود دەڵێت"سەرۆکایەتیەکان پرۆژەیەکى هاوبەشیان هەیە تا عێراق ببێتە وێستگەى بەیەک گەیشتنى وڵاتان، نەک ببێتە خاڵى ململانێى نێوان وڵاتان، بەتایبەت رەنگە پریشکى کێشەکان بەر عێراقیش بکەون."

وتیشى"گفتووگۆ لە ئارادایە، عێراق دەیەوێت خۆى دەرباز بکات و نەبێتە بەشێک لە ململانێکان، تا پریشکى ئاڵۆزیەکانى بەر نەکەوێت."

بەشێک لە دانیشتوانى عێراق ترسیان لە سزاى ئەمەریکا و گەمارۆى ئەو وڵاتە بۆ سەر عێراق هەیە، لەحاڵێکدا گەرپابەند نەبێت بە سزا ئابوریەکانى سەر ئێرانەوە، بەڵام راوێژکارەکەى سەرۆک کۆمارى عێراق دەڵێت"نابێت هیچکام لە ئێران و ئەمەریکا فشار بخەنە سەر عێراق تا تەرەفگیرى بکات، بەتایبەت هەم ئەمەریکا و ئێرانیش لە شەڕى دژى تیرۆردا هاوکارى عێراق بوون."

جەختیشیکردەوە"گوتارى عێراق گوتارى هاوسەنگیە، نابێتە بەشێک لەململانێکان، بەپێى پێگە میحوەریەکەشى ڕۆڵى هێورکردنەوەى دۆخەکە دەبینێت."

لەبەشێکى ترى قسەکانیدا بۆ دەنگى ئەمەریکا، سالار مەحمود هاتە سەر باسکردنى دۆخى شارى کەرکوک، ئاماژەى بەوەکرد لەدەستورى عێراق دا رێوشوێنى چارەسەرکردنى کێشەکانى ئەو پارێزگایە دیاریکراوە، وتى"ئەرکى حکومەتى ئیتیحادى یە، بەرێگەى گفتووگۆ و لێکتێگەیشتن و بەرێوەبردنى هاوبەش چارەسەر بۆ کێشەکانى کەرکوک بدۆزێتەوە، سەرۆکایەتى کۆماریش لەو ڕووەوە سەرنجەکانى خۆى داوەتە لایەنى پەیوەندیدار."

سەبارەت بە نیگەرانى کوردەکانى کەرکوک لە هەوڵەکانى پارێزگار بۆ لاوازکردنى پێگەیان، راوێژکارەکەى سەرۆک کۆمار وتى"دۆخى کەرکوک تایبەتە ، ناوبەناو پێکهاتەکان دەنگ هەڵدەبڕن، بۆیە تا کێشەى ئەو ناوچانە بەدەستور چارەسەر نەکرێ، گرفتەکان بەردەوامیان دەبێت."

XS
SM
MD
LG