Accessibility links

سەرۆک ترامپ لە کۆشکی سپی پێشوازی لە سەرۆک وەزیری عێراق دەکات


سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە کۆشکی سپی پێشوازی کرد لە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری عێراق و شاندی یاوەری، ئەمەش بە مەبەستی وتووێژکردن بە ئامانجی زیادکردنی هەوڵەکان بۆ شکستهێنان بە داعش لە باکوری عێراق.

لەگەڵ دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە، سەرۆک ترامپ هەوڵەکانی حکومەتی عێراقی بەرزنرخاند لە ڕوبەڕوبونەوەی داعش، پاشان بە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری وت خوازیارە وتووێژبکات لە بارەی ئەو بۆشاییەی دروستبوو کاتێک لە ساڵی2014 چەکدارانی داعش کۆنترۆڵی ناوچەیەکی گەورەی باکور و ڕۆژئاوای عێراقیان کرد.

سەرۆک ترامپ وتی" ئامانجی سەرەکیمان نەهێشتنی داعشە."

سەرۆک ترامپ مەخابنی خۆی دەربڕی لە بەرامبەر کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە موسڵ و تەواوی عێراق لە ساڵی 2011، ئەمەش لەسەر بڕیارێکی ساڵی 2008 ی باراک ئۆباما سەرۆکی پێشوو بوو لە دوای ئەوەی وتووێژەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق بە ئەنجام نەگەیشتن سەبارەت بە پێدانی پارێزبەندی بە هێزەکانی ئەمەریکا و ئەو کەسانەشی بە کۆنتراکت کار بۆ ئەمەریکایـیەکان دەکەن لە عێراقدا.

سەرۆک ترامپ وتی" بێگومان دەبوایە چۆڵمان نەکردایە، دەبوایە هەرگیزاوهەرگیز چۆڵمان نەکردایە."

سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها پرسی ئێران و خواستە ناوکییەکانی هێنایە بەرباس و وتی بۆچی سەرۆکی پێشوو باراک ئۆباما ڕێکەوتننامەی ناوکی لەگەڵ تاراندا واژووکرد کە وایکرد گەمارۆ ئابورییەکانی ڕۆژئاوای لەسەر کۆماری ئیسلامی هەڵگرێت.

عەبادی لای خۆیەوە بە سەرۆک ترامپی وت حکومەتەکەی سەرکردایەتی گەورەترین هێزی دژە تیرۆر دەکات و خوازیارە هاوکاری زیاتر لە نێوان عێراق و ئەمەریکادا هەبێت.

حەیدەر عەبادی دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکانی لە کۆشکی سپی، لە ئنستتیوتی ئەمەریکا بۆ ئاشتی U.S. Institute of Peace قسەی بۆ ئامادەبووان کرد و تیایدا بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپی بەرزنرخاند لە پشتیوانیکردنی عێراق لەو هەوڵانەی دەیدات بۆ تێکشکاندنی داعش و سەرلەنوێ بنیادنانەوەی شارەکانی عێراق.

عەبادی خۆشحاڵی خۆی بە کۆبوونەوەکانی لە کۆشکی سپی دەربڕی و وتی بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ جەختی کردۆتەوە کە پشتیوانیکردنی عێراق نەک تەنها بەردەوام دەبێت بەڵکو خێراتریش دەکرێت.

باسی لەوەش کرد ژمارەی زیاتر لە کۆمپانیاکانی ئەمەریکا ئامادەیی خۆیان پیشانداوە بۆ زیادکردنی هاوکارییەکانیان لەگەڵ عێراق لە بوارەکانی بازرگانی و وزە و خوێندن.

سەرچاوە / VOA

XS
SM
MD
LG