Accessibility links

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی عێراق دەکات


سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتووەتە عێراق تاوەکو لە نزیکەوە ئاگادارببێت لە هەوڵەکانی بەهاناچوونی ئاوارەکانی ئاکامی تاوانەکانی دەستی داعش و ئۆپەراسیۆنە لەشکریەکانی ئەنجام دەدرێن.

ئەنتۆنیۆ گوتێرەس ئەمڕۆ پـێنجشەممە گەیشتە بەغدا و لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری عێراق کۆبووەیەوە. بەپـێی ڕاگەیاندنی ئۆفیسی سەرۆک وەزیر، گوتێرەس پشتیوانی تەواوی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ عێراق لە شەڕی دژی داعش و هەوڵەکانی دەدرێن بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و ئاشتەوایی.

هیواشی خواستووە بە زووترین کات شاری موسڵ ڕزگاربکرێت و ژیانی ئاسایی بۆ بگەڕێتەوە. جەختی لەوەش کردووەتەوە کە پـێویستە کۆمەڵی نێودەوڵەتی یارمەتی بدەن لە کۆمەکە مرۆیـیەکاندا. هەروەها گوتویەتی پـێویستە ئەندامانی داعش دادگایی بکرێن لەسەر ئەو تاوانانەی لە دژی خەڵکی سیڤیل ئەنجامیانداوە.

عەبادی لای خۆیەوە جەختی کردووەتەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان کارێکی سەرەکی دەکات لە بواری مرۆیی و بەهاناچوونی ئاوارەکان و گەڕاندنەوەی سەقامگیری و ئاشتەوایی.

پاشان داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش کرد بڕیارێک دەربکەن بۆ دەستگیرکردنی ئەندامانی داعش کە تاوانیان لە دژی خەڵکی سیڤیل ئەنجامداوە.

هەر لە کۆبوونەوەکە عەبادی داوای لە گوتێرەس کرد عێراق لە ژێر بەندی حەوتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربهێنرێت تاوەکو کەیسی داگیرکردنی عێراق بۆ کوەیت دابخرێت.

پـێشتر ئەنتۆنیۆ گوتێرەس لەگەڵ سەلیم جبوری سەرۆکی پەرلەمان و ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوە کۆبووەیەوە.

چاوەڕوان‌دەکرێت پاش تەواوبوونی کۆبوونەوەکانی لە بەغدا سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لەوێش لەگەڵ کاربەدەستانی کورد کۆببێتەوە.

XS
SM
MD
LG