Accessibility links

عێراق هێرشەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان سەرزەنشت دەکات


عێراق هێرشەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان سەرزەنشت دەکات و ناڕەزایی دەدەبڕێت بەرامبەر هەر هەوڵێکی تورکیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی لەشکری لە ناو خاکی عێراقدا.

ئەحمەد مەحجوب گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیاندنێکدا کە لەسەر ماڵپەڕی وەزارەتەکەی بڵاوکراوەتەوە، نووسیویەتی "وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەرزەنشتی ئەو دەستدرێژی و پـێشێلکاریـیانە دەکات کە لە لایەن هێزەکانی تورکیاوە دەکرێنە سەر سنوورەکانی عێراق، وە دواهەمینیان ئەو بۆردومانەی کرایە سەر گوندەکانی (ماوان و قسان و سرکینان) لە قەزای سۆرانی سەر بە پارێزگای هەولێر کە لە ئاکامدا بووە مایەی شەهیدبوونی ژمارەیەک هاوڵاتی سیڤیلی بە تاوان."

پاشان نووسیویەتی" وەزارتی دەرەوە بەردوامبوونی ئەم پـێشێلکاریـیانە سەرزەنشت دەکات کە خەڵکی سیڤیل لە ڕۆڵەکانمان لە کوردستان دەگرنەوە وە ئەمەش خزمەت بە پەیوەندیـیەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ ناگەیەنێت. وەزارەتەکە جەختیش لەسەر هەڵوێستی خۆی دەکاتەوە کە هیچ هێزێکی بیانی لەسەر خاکی عێراق نەمێنێت و هەروەهاش ڕێگەنەدان بە هیچ دەوڵەتێکی دراوسێ کردەوەی لەشکری لە نێو خاکی عێراقدا ئەنجام بدات."

جێی ئاماژەیە دوێنێ پـێنجشەممە فڕۆکە جەنگیـیەکانی تورکیا گوندەکانی سەرکان و ماونان و وەسانیان بۆردومان کرد لە دۆڵی باڵەیانی سنووری قەسرێی سەر بە قەزای چۆمان و لە ئاکامدا 4 کەسی سیڤیل بوونە قوربانی.

XS
SM
MD
LG