Accessibility links

هەزاران کەس لە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە بەغدا داوای کشانەوەی هێزەکانی تورکیا دەکەن


خۆپـیشاندەرانی بەسرە ئاڵای تورکیا دەسووتێنن، سێشەممە 18 ی مانگی دەی 2016
خۆپـیشاندەرانی بەسرە ئاڵای تورکیا دەسووتێنن، سێشەممە 18 ی مانگی دەی 2016

هەزاران کەس لە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە بەغدا خۆپـیشاندانێـکیان سازکرد بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر بوونی لەشکری تورکیا لە باکوری وڵاتەکەیان.

خۆپـیشاندەران کە زۆربەیان لایەنگری موقتەدا ئەلسەدر ڕێبەری شیعی بوون، ئەمڕۆ سێشەممە لە بەرامبەر باڵیۆزخانەکە هاواریان دەکرد " نا نا بۆ داگیرکەر .... نا نا بۆ ئەردۆغان" و داوایان دەکرد تورکیا هێزەکانی لە سەربازگەی باشیک بکێشێتەوە.

هاوکات لە شاری بەسرەی باشوری وڵاتەکە خۆپـیشاندانی ناڕەزایی بۆ هەمان مەبەست سـازکرا و لەوێ خۆپـیشاندەران دروشمی توندتریان دەوتەوە و ئاڵای تورکیایان سووتاند.

جێی ئاماژەیە ڕۆژی دووشەممە موقتەدا ئەلسەدر لە وتارێـکدا داوای لە عێراقیـیەکان کرد بچنە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا و بە شێوەیەکی ئاشتیـیانە ناڕەزایی خۆیان لە بەرامبەر ئەو هێزانەی تورکیا دەرببڕن کە لە باکوری وڵاتەکە جێگیرکراون.

زۆربەی عێراقیـیەکان لە دژی بوونی لەشکری تورکیان لە وڵاتەکەیان و حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیر چەندان جار داوای لە دەسەڵاتدارانی تورکیا کردووە هێزەکانیان بکێشنەوە و ڕێز لە سەروەری عێراق بگرن، بەڵام دەسەڵاتدارانی تورکیا ئەو داوایە ڕەتدکەنەوە و سوورن لەسەر بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی موسڵدا.

XS
SM
MD
LG