Accessibility links

عێراق چوونە ناوەوەی هێزی پـیادەی تورکیا بۆ نێو خاکی هەرێمی کوردسـتان شەرمەزار دەکات


وەزارەتی دەرەوەی عێراق چوونە ناوەوەی هێزی پـیادەی تورکیا بۆ نێو خاکی هەرێمی کوردسـتانی عێراق شەرمەزارکرد و دەڵێت ئەم کارە پـێشـێـلکردنی سەروەری عێراقە و هەروەها خراپەکاریـیەکی ئاشکرایە بۆ پەیوەندیـیەکانی نێوان هەردوو وڵات.

وەزارەتەکە ڕۆژی پـێـنجشەممە لە بەیانـنامەیەکدا ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی هەر هەڵمەتێـکی لەشکری تورکیا لە ناو خاکی عێراق بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق بە تەواوی جێی قبوڵ نیـیە.

پاشان نووسیویەتی " لەو کاتەی عێراق هەموو کردەوە تێرۆرستیـیە تاوانکاریـیەکانی خەڵکی سیڤیل و لەشکری تورک دەکەنە ئامانج شەرمەزار دەکات و سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیـیەکان دەکات، داوا دەکات هەموو ڕێوشوێنێـکی ئاشتیـیانە بگیرێنەبەر بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە."

پـێشـتر ڕۆژی سێشەممە سەرچاوەیەک لە حکومەتی تورکیا ڕایگەیاند هێزێـکی لەشکری وڵاتەکەی بۆ ماوەیەکی کورت چوونەتە نێو خاکی باکوری عێراق بۆ هێرشکردنە سەر پارتی کرێکارانی کوردسـتان. ئەمەش یەکەم جارە لە پاش چوار سـاڵ هێزێـکی پیادەی تورکیا خۆ بکات بە هەرێمی کوردسـتاندا بۆ لێدانی پەکەکە.

XS
SM
MD
LG