Accessibility links

وەزیری نەوتی عێراق بە نیازە سەردانی تورکیا بکات


وەزیری نەوتی عێراق بە نیازە بەر لە کۆتایی ئەم هەفتەیە سەردانی تورکیا بکات، ئەمەش لەسەر داوایەکی فەرمی لە لایەن هاوتا تورکەکەیەوە.

عاسم جیهاد گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە گوتی جەبار لعێبی وەزیری نەوت بە سەرۆکایەتی شاندێک سەردانی تورکیا دەکات بە مەبەستی پەرەپـێدان بە پەیوەندیـیە دووقۆڵیـیەکانی نێوان هەردوو وڵات لە بواری نەوت و وزەدا و هەروەها بۆ تاووتوێکردنی پـرسی دەسـتپـێکردنەوە بە هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی بەندەری جیهان لە تورکیاوە.

جەختی لەوەش کرد هەناردنەکردنەکە تەنیا لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆی حکومەتی عێراقەوە دەبێت.

هەروەها گوتی وەزیری نەوت لە میانەی سەردانەکەی بانگهێشتی کۆمپانیا تورکیـیەکان دەکات تاوەکو بێن لە عێراق پـرۆژەی وەبەرهەمهێنان لە کەرتی نەوتدا ئەنجام بدەن.

جێی ئاماژەیە لەوەتای لە مانگی دەی ساڵی ڕابردووەوە هێزەکانی عێراق کۆنترۆڵی هەردوو بیرە نەوتیـیەکانی بای حەسەن و ئاڤانایان کردووە لە باکوری ڕۆژئاوای کەرکوک، هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جیهانەوە ڕاگیراوە.

کاربەدەستانی عێراق دەڵێن دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان وەڵامی داواکانی وەزارەتی نەوت نادەنەوە بۆ بەکارهێنانی لولە نەوتەکەی لە کەرکوکەوە بە هەرێمدا بەرەو تورکیا دەڕوات.

عێراق لە بەرنامەیەتی لولەیەکی دیکەی نەوت لە بیرەکانی کەرکوکەوە بەرەو تورکیا ڕابکێشێت، بڕیارە ئەم لولەیە بە پارێزگای سەڵاحەدین و موسڵدا ببرێت.
سەرچاوە / ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG