Accessibility links

به‌رنامه‌ی هه‌له‌و واشنتن: سووربوونی تورکیا لەسەر مانەوەی هێزەکانی لە عێراق و بەشداریکردن لە ڕزگارکردنی موسڵ


دەسەڵاتدارانی تورکیا سوورن لەسەر مانەوەی هێزەکانیان لە سەربازگەی باشیکی نزیک شاری موسڵ و دەڵێن هەتا ئەو شارە لە داعش ڕزگار نەکرێت، هێزەکانیان لەوێ دەمێنـنەوە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا ڕۆژی سێشەممە بە توندی وەڵامی داواکانی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری عێراقی دایەوە کە لە ئەنکەرە دەخوازێت هێزەکانی لە باشیک بکێشێتەوە و هەوڵی بەشداریکردن لە شەڕی موسڵ نەدات.

ئەردۆغان گوتی قسەکانی عەبادی بۆ ئەو هیچ گرنگیـیەکی نیـیە و تورکیا چی بوێت ئەوە دەکات.

ئەمەریکاش کە ڕێبەرایەتی هاوپەیمانێتی دژی داعش دەکات، لە زاری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ڕایگەیاند تەنها حکومەتی عێراق بڕیار دەدات کێ بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی موسڵدا بکات.

لە لایەکی دیکە ڕۆژنامەی حورەیتی تورکی کە لە ئێسـتادا لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتدایە، بابەتێـکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا باس لەوە دەکرێت گرنگە تورکیا بەشداری لەو ئۆپەراسیۆنە بکات. دەڵێت چونکە مەترسی هەیە چەکدارانی شیعە کوشتنکاری لە نێو خەڵکی سووننەی شارەکە ئەنجام بدەن. هەورەها تیایدا نووسراوە پـێش دەسـتپـێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە دەبێت بوار بە چەکدارانی داعش بدرێت لە شارەکە هەڵبێن، ئەمەش ڕەنگە بەرەو باکور بۆ سوریا بچن و لەوێ بەهێزببنەوە و یان بەرەو باشور بڕۆن و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ئوردن و ئیسرائیل دروستبکەن، بۆیە دەبێت ڕێگەیەکی دیکەیان بۆ بدۆزرێتەوە.

بەڵام تێڕوانینێـکیش هەیە کە پـێـیوایە دەسەڵاتدارانی تورکیا هەوڵ دەدەن لەشکری وڵاتەکەیان بە کێشە دەرەکیـیەکان سەرقاڵ بکەن، هەرچەندە لەشکری تورکیا لە مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردووەوە هێزی لە سەربازگەی باشیک جێگیرکردووە، واتە هەشت مانگ بەر لە هەوڵی کودەتا لەشکریـیەکە.

ئه‌مه‌ بابه‌تی به‌رنامه‌ی هه‌له‌و واشنتنی ئه‌م هه‌ینیـیه‌ بوو که‌ حه‌یده‌ر که‌ریم له‌ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا به‌ڕێوه‌ی برد و میوانه‌کان ئه‌م به‌ڕێزانه‌ بوون:
ڕێناس جانۆ، پەرلەمانتاری عێراق لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردسـتان.
عادل نوری، پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی عێراق.
مەجید ساڵح، ڕاوێژکاری سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردسـتانی عێراق.

please wait

No media source currently available

0:00 0:31:35 0:00

XS
SM
MD
LG