Accessibility links

وەزیری دەرەوەی عێراق داوای هەڵوێست لە وڵاتانی عەرەبی دەکات لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا


گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی پەیوەندی بە ژمارەیەک لە هاوتا عەرەبەکانی کردووە سەبارەت بە هێرشەکەی ڕۆژی سێشەممە، ئەوەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبیلێکی لەشکری عێراقی لە ناوچەی سیدەکان بۆردومانکرد و بەهۆیەوە 2 ئەفسەر و سەربازێک کوژران.

ئەحمەد ئەلسەحاف ڕۆژی پـێنجشەممە لە ڕاگەیاندنێکدا نووسیویەتی، فوئاد حسێن ژمارەیەک لە وەزیرانی دەرەوەی عەرەبی ئاگادارکردووەتەوە لە وردەکاری هێرشەکەی تورکیا و داوای لێکردوون هەوڵەکانیان یەکبخەن لە بەرامبەر تورکیا بە شێوەیەک ناچاری بکەن چیتر ئەو جۆرە پـێشێلکاریـیانە ئەنجام نەدات و هێزەکانی لە خاکی عێراق بکشێنێتەوە.

بەپـێی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، فوئاد حسێن پەیوەندی کردووە بە سکرتێری گشتی کۆمکاری عەرەب و وەزیرانی دەرەوەی میسڕ، ئوردن، سعودیـیە و کوەیت. دەڵێت هەموویان لەگەڵ ئەوەدان تورکیا دەستبەجێ هەموو ئۆپەراسیۆنە لەشکریـیەکان لە ناو خاکی عێراق ڕابگرێت.

پـێشتر ڕۆژی چوارشەممە فاتح یڵدز باڵیۆزی تورکیا بۆ عێراق بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی عێراق کرا و لەلایەن عەبدولکەریم هاشم وەکیلی وەزیری دەرەوە یاداشتنامەیەکی ناڕەزایی درایە سەبارەت بە هێرشەکەی سیدەکان. لە یاداشتنامەکەدا داوا لە تورکیا کراوە ڕوونکردنەوە لە بارەی هێرشەکەوە بدات و ئەنجامدەرانی سزابدات.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش لە بەیاننامەیەکدا گوتی لەسەر شانی عێراقە ڕێوشوێنی پـێویست بگرێتەبەر لە دژی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە عێراق. گوتیشی ئەنکەرە ئامادەیە بۆ ئەم مەبەستە هاوکاری لەگەڵ عێراقدا بکات. دەشڵێت ئەگەر چاوپـۆشی بەرامبەر بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان لە عێراقدا بەردەوام بێت، ئەوا دۆخەکە بەم شێوەیەی ئێستا دمێنێتەوە.

XS
SM
MD
LG