Accessibility links

ڕاگەیەندراوەکەی عێراق لەسەر تورکیا ناڕەزایی لێدەکەوێتەوە


لەگەڵ چەندبارەکردنەوەی بۆردومان و هێرشەکانی تورکیا بۆ ناوچەکانی پارێزگای دهۆک لە هەرێمی کوردستانی عێراق و هەروەها ژمارەیەک ناوچەش لە باکوری عێراق، بەغدا دەڵێت ژمارەیەک بژارەی لەبەردەستدا هەن بۆ سەروسەوداکردن لەگەڵ ئەو پێشێلکاریانەی تورکیا لەناو عێراقدا دەیانکات، بەڵام ناڵێت ئەو بژارانە چین.

لە ڕاگەیاندراوەکەی حکومەتی عێراقدا بە توندی پێشێلکارییەکانی تورکیا ڕەتکراونەتەوە و ئیدانەی دەکات و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەو هێرش و پێشێلکاریانەی تورکیا دەکات و ئاگاهیش دەدات ئەگەر بێتوو درێژە بدرێت بەو پێشێلکاریانە، ئەوا دەبنە مایەی تێکچوونی پەیوەندییە لە مێژینەکانی بەغدا و ئانکەرە.

عیزەت شابەندەر، سیاسەتمەداری دێرینی عێراق ئاماژە بەوە دەکات بڵاوکردنەوە یان نەکردنەوەی ڕاگەیەندراوێکی لەو شێوەیە هیچ شتێک لە ڕاستییەکان ناگۆڕێت و دەڵێت "هەر لە بنەڕەتەوە سەروەری عێراق پێشێلکراوە و ئەو ڕاگەیاندراوەی حکومەتیش ڕاگەیەندراوێکی پاتاڵە، تەنها خۆڵکردنە چاوی خەڵکە و هیچی تر."

شابەندەر دەڵێت لەوبڕوایەدایە پێشتر ڕەزامەندی هەبووە لەسەر ڕێگەپێدان بەم هێرشانەی تورکیا، وەک دەڵێت "لەوبڕوایەدا نیم دەستێوەردانەکانی تورکیا و ئەو هێرشانەی کە دەیانکات بەبێ ڕێککەوتن و بەبێ ئاگاداری حکومەتی نێوەندی لە بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش کرابن، لێدانی پەکەکە ئامانجی هاوبەشە لە نێوان هەر سێ لایەنەکەدا."

یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی عێراق دەستێوەردان و پێشێلکردنی سەروەرییەکانیەتی لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆماری تورکیاوە.

عەبدولڕەحیم ئەلشەممەری، نوێنەری پارێزگای نەینەوا لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت ڕەوشی وڵاتەکە بە شێوەیەکە وەهای کردووە ئەو هەموو دەستێوەردانانە لە عێراقدا بکرێت و حکومەتیشنەتوانێت کاردانەوەیەکی ئەوتۆی هەبێت.

ئەلشەممەری دەڵێت "عێراق لە بارێکی پشێوی سیاسی و ڕەوشێکی پەڕتەوازەدایە، هەر بۆیە حکومەت ناتوانێت هەنگاوەکانی خۆی بنێت وەک بەرپەرچدانەوەی ئەم هێرشانەی تورکیا، تەنانەت لە ڕووی سیاسیشەوە بەهۆی ئەو ناجێگیریە سیاسییەی باڵی بەسەر وڵاتەکەدا کێشاوە، ناتوانرێت بەرسڤێکی تۆکمەی سیاسیانەشی هەبێت."

عەبدولڕەحیم ئەلشەممەری دەڵێت " تورکیا لە باکورەوە هەوڵەکانی خۆی دەدات و هەرچی کۆماری ئیسلامی ئێرانە گەیشتۆتە ناوجەرگەی پرۆسەی سیاسی عێراقەوە، هەر بۆیە ئەو دوو وڵاتە مەترسییەکی ڕاستەقینەن بۆ سەر ئایندەی عێراق."

لە ناوەڕاستی مانگی 6ەوە، تورکیا کردەی لەشکری بە ناوی "چنگی هەڵۆ" دەستپێکردوە و وەک دەڵێت دژ بە پارتی کرێکارانی کوردستانە.

شیکەرەوە لەوبڕوایەدان هێرشە ئاسمانی و زەمینیەکانی تورکیا ئامانجی ئاشکرا و شاراوەیان هەن و ئامانجە شاراوەکانیش بە ستراتیژیەتی تورکیا ناودێرکراوە بۆ ئەو سیاسەتی پاوانخوازییەی وەک دەگوترێت ئانکەرە هەیەتی.

لەسەر بنچینەی وتووێژەکانی لەگەڵ عیزەت شابەندەر و عەبدولڕەحیم ئەلشەممەری، بەڵێن ساڵح ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووە.

زانیاری زیاتر لە دەقی ڕاپۆرتەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:52 0:00


XS
SM
MD
LG