Accessibility links

بۆردومانی شوێنەکانی داعش لە شاری تەلەعفەر دەسـتیپـێکردووە


فەرماندەیەتی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دەڵێت هێرشی ئاسمانی بۆ سەر شوێنەکانی داعش لە ناو شاری تەلەعفەر دەسـتیانپـێکردووە، ئەمەش وەک ئامادەکاریـیەک بۆ دەسـتپـێکردنی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شارەکە.

عەمید یەحیا ڕەسوڵ گوتەبێژی فەرماندەیەتی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ئەمڕۆ سێشەممە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت هەموو پـلانەکان بۆ ڕزگارکردنی تەلەعفەر دانراون و لە ئێستادا ئامادەکاریـیەکان کراون و حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیر و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان لە پـلانەکان ئاگادارکراوەتەوە و چاوەڕێی دەکرێت کاژمێری سفر ڕابگەیەنێت و بە فەرمی ئۆپەراسیۆنەکە دەسـتپـێبکات.

لە لایەکی دیکە ئەنوەر حەمە ئەمین فەرماندەی هێزی ئاسمانی عێراق بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئەسۆشیەتد پـرێسی گوت فڕۆکەی عێراق و هاوپەیمانان دەسـتیانکردووە بە بۆردومانکردنی بارەگا و عەمبارەکانی چەک و تونێلەکانی داعش لە شاری تەلەعفەر.

ڕۆژی دووشەممەش فەریق ڕوکن ڕائد شاکر جەودەت فەرماندەی پـۆلیسی فیدراڵی گوتی هێزەکانی پـۆلیسی فیدراڵی لە هەردوو فیرقەی پـێنج و سێ لەگەڵ دەیان ماشێنی زرێـپۆش گەیشتوونەتە نزیک ناوچەی تەلەعفەر و هەموو ئامادەکاریـیەکی لۆجستی بۆ ئۆپەراسیۆنەکە کراوە.

جێی ئاماژەیە شاری تەلەعفەری زۆرینە تورکمان کە نزیکەی 70 کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای شاری موسڵەوە دورە، لە ساڵی 2014 وە داعش داگیرکردووە و بەهۆیەوە هەزاران تورکمانی شیعە لێی هەڵهاتن و بەپـێی نەتەوە یەکگرتووەکان تەنها لە مانگی چواری ئەمساڵەوە نزیکەی 49 هەزار کەس شارەکەیان چۆڵکردووە.

XS
SM
MD
LG