Accessibility links

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا: لە پشتیوانیکردنی هێزەکانی عێراق و هێزەکانی سوریای دیموکرات بەردەوام دەبین


گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەڵێت هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا بۆ شەڕی دژی داعش بەردەوام دەبێت لە پشـتیوانیکردنی هێزەکانی عێراق و هێزەکانی سوریای دیموکرات.

کۆلۆنێل ڕۆبەرت مانینگ ئەمڕۆ دووشەممە ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی ڕۆژی یەکشەممە فەرماندە لە هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی عێراق لە ناوچەیەکی سنووری نێوان هەردوو وڵات کۆبوونەتەوە.

گوتیشی هێشتا زۆر کار ماوە لە عێراق و سوریا جێبەجێ بکرێن بۆ ڕێگەگرتن لەوەی تێرۆرستانی داعش بگەڕێنەوە. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد هێزەکانی سوریای دیموکرات بەردەوام دەبن لە ڕزگارکردنی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات، ئەوانەی لە ژێر دەستی داعش ماونەتەوە.

پاشان سەبارەت بە ڕاگەیاندنەکەی ڤلادیمیر پـوتن سەرۆکی ڕووسیا بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە سوریا، کۆلۆنێل ڕۆبەرت مانینگ گوتی ئەو ڕاگەیاندنەی ڕووسیا هیچ کاریگەری بەسەر پـلانەکانی هێزەکانی ئەمەریکا نیـیە.

شایەنی باسە پـێشتر هێزەکانی سوریای دیموکرات بەیانـنامەیەکیان ڕاگەیاند و تیایدا باسیان لە کۆبوونەوەکەی یەکشەممە کرد، دەڵێن لە بارەی پـرسی پاراستنی ناوچە سنووریـیەکانی نێوان هەردوو وڵات بوو لە دیوی پارێزگای دێرزور، وە هەروەها چۆنیەتی لەو ناوچەیە بە تەواوی کۆتایی بە داعش بهێنرێت.

XS
SM
MD
LG