Accessibility links

بەرپرسانى عێراق: شکستەکانى داعش لە سوریا کاریگەرى لەسەر عێراقیش هەبووە


بەرپرسانى عێراق، دەڵێن کۆتایى هاتنى داعش لە سوریا، کاریگەرى لەسەر جم و جۆڵ و چالاکیەکانى ئەو رێکخراوە لە عێراقیش هەبووە، بە تایبەت لە پارێزگاکانى کەرکوک، دیالە و سەڵاحەدین.

حەسەن محەمەد ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"جم و جۆڵى داعش لە سنورى پارێزگاى سەڵاحەدین تەواو لاواز بووە."

وتیشى"داعشەکان لە قۆناغى بێدەنگیدان، پێدەچێت سەرقاڵى لێدانى تونیڵ و چاککردنى شوێنى مانەوە بن ،تا جێگە بۆ ئەوانەش بکەنەوە کە لەسوریاوە دێنەوە."

راگرتنى هێرش و جم و جۆڵە چەکداریەکانیان، لەکاتێکدایە تا پێش کۆتایى هاتنى داعش لەسوریا، کەم ڕۆژ هەبوو چەکدارانى ئەو رێکخراوە لەسنورى دیالە و کەرکوک و سەڵاحەدین هێرشى چەکدارى ئەنجام نەدەن.

سەمیر محەمەد سەرۆکى ئەنجومەنى شارەوانى قەزاى خانەقین لە پارێزگاى دیالە، جەختیکردەوە ماوەى دوو هەفتەیە هێرشەکانى داعش بۆ دەوروبەرى خانەقین وەستێنراون، کە رەنگە پەیوەندى بە شکستەکانى ئەو رێکخراوە لەسوریا هەبێت.

هاوکات ئەحمەد خورشید ئەندامى ئەنجومەنى قەزاى حەویجەى رۆژئاواى کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"داعشەکان لە چیاى حەمرین و چیاى قەرەچوغن، هیچ جم و جۆڵێکى چەکداریان نیە."

لەدەستدانى تەواوى ناوچەکانى سوریا لەلایەن داعشەوە، وایکردووە ژمارەیەکى زۆر لە چەکدارانى ئەو رێکخراوە بکوژرێن و دەستگیربکرێن، ئەو چەکدارانەشى کە ماونەتەوە، پەرتەوازە بوون، بەپێى وتەى بەرپرسانیش، هەوڵى گەڕانەوە بۆ عێراق دەدەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:15 0:00

XS
SM
MD
LG