Accessibility links

جەنەڕاڵێکی عێراق دەڵێت ڕابەری داعش لەسەر سنووری عێراق و سوریایە


ئەفسەرێک بە پلەی جەنەڕاڵ لە دەزگای موخابەراتی عێراق دەڵێت ئەبو بەکر ئەلبەغدادی ڕابەری داعش لە ناوچەیەکە لەسەر سنووری نێوان عێراق و سوریا و لەگەڵ پـێنج کەسدا هاتوچۆ دەکات.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس دەڵێت ئەفسەرەکە کە قسەی بۆ کۆمەڵێک ڕۆژنامەوان دەکرد، گوتویەتی بەغدادی لەو ناوچەیەیە کە لە نێوان شەدادی و مەرکەدەیە لە پارێزگای حەسەکە و بە نهێنی هاتوچۆ دەکات لەگەڵ چوار بۆ پـێنج کەس، لەوانە کوڕەکەی و ئەبو زەید ئەلعێراقی زاوای. هەروەها گوتویەتی کەسێکی دیکەی لەگەڵدایە کە ناتوانێت ناوی ئاشکرابکات.

ئەفسەرەکە پـێشبینی دەکات لەم زووانە بەغدادی بکرێتە ئامانج، ئەمەش پاش ئەوەی 5 سەرکردەی ناوداری داعش خرانە بۆسەیەکەوە و بە هێرشی ئاسمانی لە ناو سوریا لەگەڵ نزیکەی 39 ئەندامی داعش کوژران.

ئەم کاربەدەستە ئاسایشیـیە باسی لەوەش کرد کە بەپـێی زانیاریـیەکانیان داعش زۆر لاوازبووە و چیتر پارەی جارانی لەبەر دەستدا نەماوە لە پاش ئەوەی هیچ پاڵاوگەیەکی نەوتی لە ژێر دەست نەما.

XS
SM
MD
LG