کاربەدەستانی عێراق دەڵێن فڕۆکە جەنگیـیەکانی وڵاتەکەیان ئەمڕۆ پـێنجشەممە چەند شوێنێکی داعشیان لە ناو خاکی سوریا بۆردومانکردووە.
ئۆفیسی سەرۆک وەزیری عێراق لە ڕاگەیاندنێکدا لەسەر فەیسبوکی فەرمی خۆی نووسیویەتی لەسەر فەرمانی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیر کە بۆخۆشی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانە، فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانی عێراق چوونەتە ئاسمانی سوریا و لەوێ چەند شوێنێکی داعشیان بۆردومانکردووە.
هەروەها نووسیویەتی ئەمە نیشانەی بەهێزی توانا لەشکریـیەکانی عێراقە، وە ئەم کارە وەها دەکات لەناوچوونی داعش لە ناوچەکەدا خێراترببێت.
لە لایەکی دیکە عەمید یەحیا ڕەسوڵ گوتەبێژی فەرماندەیەتی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بە ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرزی گوت بۆردومانەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی سوریا کراون وە فڕۆکەی جۆری F-16 تیایاندا بەکارهاتووە.
عەبادی ڕۆژی چوارشەممە گوتی هێزەکانی عێراق نەک تەنیا لە عێراقدا لە داعش دەدەن، بەڵکو لە ناوچەکە بە گشتی.