Accessibility links

ڕێگە بەدانیشتوانى ناحیەى سلێمان بەگ نادرێت بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان


ڕزگارکردنی سلێمان بەگ لە داعش، 1 ی مانگی نۆی 2014 (وێنەی ئەرشیف)
ڕزگارکردنی سلێمان بەگ لە داعش، 1 ی مانگی نۆی 2014 (وێنەی ئەرشیف)

لە کاتێکدا نزیکەى دوو سال بەسەر دەرهێنانى ناحیەى سلێمان بەگ ى سەربە پارێزگاى سەڵاحەدین دا تێپەردەبێت لەبن دەستى داعش ، بەڵام هێشتا رێگە بە دانیشتوانەکەى نەدراوە بگەرێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان و هیچ وادەیەکیش بۆ ڕێگەپێدانیان دیارى نەکراوە.

عەلى حسێنى وتەبێژى حەشدى شەعبى لەکەرکوک و سەڵاحەدین ، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ناحیەى سلێمان بەگ بوەتە ناوچەیەکى سەربازى و جم و جۆڵى داعش لەدەوروبەرى هەیە."

وتەبێژەکەى حەشدى شەعبى ، ئاماژەى بەوەشکرد هەرچەندە سلێمان بەگ لەژێر کۆنترۆڵى هێزەکانیاندایە ، بەڵام بریاردان لەسەر گەرانەوەى دانیشتوانەکەى پەیوەندى بەحکومەتى عێراقەوە هەیە، نەک ئەوان.

ناحیەى سلێمان بەگ کە 10 کیلۆمەتر دەکەوێتە خۆرهەڵاتى قەزاى خورماتوەوە و سەرجەم دانیشتوانەکەى عەرەبى سونەن یەکێکە لەو ناوچانەى دواى روخانى بەعس پێگەى گروپە چەکدارە سونەکانى تێدا بەهێز بووە ، لەئێستادا ناو ناحیەکە هیچ ماڵێکى تێدا نیە و هێزەکانى حەشدى شەعبى تێدایە.

حەسەن محەمەد ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین، هۆکارى رێگەنەدان بەدانیشتوانى سلێمان بەگ بۆ گەرانەوەیان بۆ ناحیەکەیان بۆ ئەوەدەگێرێتەوە کەلەرووى جوگرافیەوە سلێمان بەگ دەکەوێتە تەنیشت ناحیەى ئامرلى ، ئەو ناحیەى بۆ ماوەى چەند مانگێک لەژێر گەمارۆ و تۆپبارانى داعش دا بوو.

حەسەن محەمەد وتى"دانیشتوانى ئامرلى تورکمانى شیعەن ، سلێمان بەگیش سونەن و جم و جۆڵى داعشیش لەئارادایە بۆیە شیعەکان دەترسن ئاوەدانکردنەوەى سلێمان بەگ مەترسى لەسەر ئامرلى دروست بکات."

لەئێستادا بەشێک لەدانیشتوانى سلێمان بەگ لەخورماتو و کەرکوک نیشتەجێ‌ بوون ، بەشەکەى تریشیان لەنزیک زنجیرە چیاکانى خۆرهەڵاتى خورماتوو لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە رێگەیان پێدراوە و گیرساونەتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:41 0:00

XS
SM
MD
LG