Accessibility links

دواى 3 ساڵ عێراق رێگە بە ئاوەدانکردنەوەى ناحیەى سلێمان بەگ دەدات


حکومەتى عێراق ئامادەکارى بۆ ئاوەدانکردنەوەى ناحیەى سلێمان بەگ ى سەر بە قەزاى خورماتوى پارێزگاى سەڵاحەدین دەکات، کە ماوەى نزیکەى سێ ساڵە ئەو ناحیەیە لە داعش پاککراوەتەوە و کراوەتە ناوچەیەکى سەربازى داخراو و رێگە بە گەڕانەوەى دانیشتوانەکەى نادرێت.

عەلى حسێنى وتەبێژى میحوەرى باکورى عێراقى حەشدى شەعبى، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"نزیکەى 1000 خێزانى سلێمان بەگ لاى لیژنەى ئەمنى خۆیان ناونوسکردووە تا بگەرێنەوە بۆ ناحیەکەیان."

وتەبێژەکەى حەشدى شەعبى، ئاماژەى بەوەشکرد لەرابردوودا ناحیەى سلێمان بەگ "بەڵا" بووە بۆیان، بەو پێیەى خەڵکێکى زۆرى تێدا بووە کە تۆمەتبار بوون بە هاوکارى کردنى تیرۆر، وتى"ئەو خەڵکانەى رێگەى گەرانەوەیان بۆ سلێمان بەگ پێدەدرێت، دەبێت بەفلتەرى هێزە ئەمنیەکاندا بگەرێنەوە."

ناحیەى سلێمان بەگ کە 11 گوندى لەسەرە، نزیکەى 24 هەزار دانیشتوانەکەیەتى، کە ئەو ناحیەیە لەرابردوودا وەکو پێگەى قاعیدە و دواتر داش تەماشا کراوە، هەربۆیە هێزە ئەمنیەکانى عێراق لەرابردوودا رێگەیان بەئاوەدانکردنەوەى نەداوە.

دانیشتوانى سلێمان بەگ بە کەرکوک و ناوچە جیاجیاکانى عێراق دا بڵاو بوونەتەوە، تۆمەتبارکردنیان بەهاوکارى کردنى تیرۆر رەتدەکەنەوە و حەشدى شەعبى تۆمەتباردەکەن بەوەى "زوڵمى گەورە"ى لێکردوون.

محەمەد فایەق بەرپرسى راگەیاندنى قایمقامیەتى خورماتو، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"خەڵکى سلێمان بەگ وەکو ناوچەکانى ترى عێراق، ئێستاش تێیاندایە لەریزى گروپە چەکدارەکاندان."

ئامادەکاریەکانى عێراق بۆ ئاوەدانکردنەوەى سلێمان بەگ، هاوکاتە لەگەڵ رێگەدان بە گەرانەوەى دانیشتوانە کوردەکەى قەزاى خورماتو، کەلەدواى 16 ى ئۆکتۆبەرى ساڵى رابردووەوە ئاوارەبوون و ماڵ و دوکانى بەشێکى زۆریان تاڵانکراون و تەقێنراونەتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:01:49 0:00

XS
SM
MD
LG