Accessibility links

سیستانی: پەرلەمان بەرپـرسیارێتی گەورەی لەسەر شانە


ئەحمەد ئەلسافی نوێنەری عەلی سیستانی

ڕێبەری شیعەکانی عێراق داوای لە هەرسێ دەسەڵاتی تەشریعی و جێبەجێکار و دادوەری وڵاتەکەی کرد بە کردار هەنگاوی ڕوون بنێن بۆ چاکسازی ڕاستەقینە لە وڵاتەکەدا. جەختی کردەوە لەم ئەرکەدا پەرلەمان بەرپـرسیارێتی گەورەی لەسەر شانە، بەو پـێـیەی دەسەڵاتی تەشریعی و چاودێری هەیە.

ئەحمەد ئەلسافی نوێنەری عەلی سیستانی ئەمڕۆ لە میانەی پـێشکەشکردنی وتاری نوێژی هەینی لە کەربەلا، بەیاننامەکەی سیستانی خوێندەوە کە تیایدا گوتوشیەتی هەتا قەوارە گەورەکانی پەرلەمان، ئەوانەی حکومەتیان پـێکهێناوە گۆڕانکاری لە بەرنامەکەیان نەکەن و بە ڕاستی چاکسازی نەکەن، ئەوا هیچ بەدی نایەت.

سیستانی باسی لە دەسەڵاتی دادوەری و دەزگاکانی چاودێری کردووە و گوتویەتی ئەوانیش بەرپـرسیارێتی گەورە لەسەر شانیانە لە نەهێشتنی گەندەڵی و لێپـرسینەوە لە گەندەڵکاران و گەڕاندنەوەی سەروەت و سامانی میلـلەت. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد هەتا ئێستا دەسەڵاتی دادوەری کاری گرنگی بۆ ئەم مەبەستە نەکردووە. دەڵێت ئەگەربێت و هەر بەو شێوەیە بمێنێتەوە، ئەوا هیچ هیوایەک نابێت بۆ نەهێشتنی گەندەڵی لە وڵاتەکەدا.

پاشان گوتویەتی حکومەتیش لەسەریەتی بە ئەرکەکانی خۆی هەستێت و هەرچی لە توانایدایە ئەنجامی بدات بۆ سووککردنی مەینەتیـیەکانی خەڵک، ئەویش لە ڕێگەی باشکردنی خزمەتگوزاریـیە گشتیـیەکان و دابینکردنی هەلی کار بۆ بێکاران وە خەڵک دانەمەزرێنێت لەسەر بنەمای حزبی و خزمایەتی و ناسیاوی. گوتیشی هەروەها دەبێت حکومەت کەیسی ئەو تۆمەتبارانە تەواوبکات کە سکاڵایان لەسەرە بەوەی سەروەت و سامانی گشتیان خواردووە، ئەمەش تاوەکو دادگایی بکرێن.

XS
SM
MD
LG