Accessibility links

عەبدولمەهدی دەڵێت بەڵگە نیـیە بیسەلمێنێت فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە عێراقەوە دەرچووبن بۆ لێدانی سعودیـیە


سەرۆک وەزیری عێراق دەڵێت هیچ بەڵگەیەکیان لەلا نیـیە بیسەلمێنێت ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانانەی لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو دامەزراوە نەوتیـیەکانی سعودیـیەیان کردە ئامانج، لە عێراقەوە دەرچووبن.

عادل عەبدولمەهدی دوێنێ سێشەممە لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیـیە هەفتانەکەیدا، لە لایەن ڕۆژنامەوانێکەوە پـرسیاری لێکرا ئایە هیچ زانیاری لایە سەبارەت بە لێدوانی پەرلەمانتارێک کە گوتویەتی ئەمەریکایـیەکان سەرۆک وەزیریان ئاگادارکردووەتەوە لەوەی ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانانەی دامەزراوە نەوتیـیەکانی سعودیـیەیان کردە ئامانج لە عێراقەوە دەرچوون، وە تەنانەت بە وردی شوێنی هەستانی فڕۆکەکانیشیان داوە."

عەبدولمەهدی لە وەڵامدا گوتی"بەڵێ ئەمەریکایـیەکان لەم بارەیەوە قسەیان کردووە کە بەپـێی ڕاپـۆرتە هەواڵگریـیەکان ڕەنگە ئەو فڕۆکانە لە عێراقەوە هەستابن، بەڵام هەموو دەزگا هەواڵگریـیەکانمان و چاودێری هاتوچۆی ئاسمانی و فەرماندەیەتی هێزی ئاسمانی ئەم هەواڵەیان پشتڕاست نەکردەوە."

گوتیشی ئەگەر ئەو فڕۆکانە لە ناوەڕاستی عێراقەوە هەستابن، ئەوا پـێویستە 975 کیلۆمەتر ببڕن هەتا بگەنە ئەو شوێنانەی لە سعودیـیە هێرشەکانیان کراوەتەسەر. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد بزوتنەوەی ئەنساری الله (حوثیـیەکانی یەمەن) بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشەکان ڕاگەیاندووە.

عەبدولمەهدی دەڵێت هەستانی فڕۆکەکان لە یەمەنەوە بۆ ئەو شوێنەی سعودیـیە تەنیا پـێوستی بە 600 کیلۆمەترە.

جێی ئاماژەیە لە 14 ی مانگی پـێنج کاربەدەستانی سعودیـیە گوتیان 2 وێستگەی ترومپای کێڵگەکانی نەوتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەیان کە نەوت بە لولە نەوتیـیەکانی ڕۆژهەڵات- ڕۆژئاوا بۆ بەندەری یەنبوع لە کەناری ڕۆژئاوای وڵاتەکە دەنێرن، بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی کراونەتە ئامانج.

XS
SM
MD
LG