Accessibility links

ڕەوتی سەدر و حزبی شیوعی عێراق بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەن


بۆ یەکەم جار لە مێژووی عێراقدا لایەنێکی ئیسلامی و حزبێکی کۆمۆنیستی دەبنە هاوپەیمانی یەکتر تاوەکو پـێکەوە بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنە گشتیـیەکانی وڵاتەکە بکەن.

ئیبراهیم ئەلجابری سەرکردە لە ڕەوتی سەدر بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی ڕاگەیاند ڕەوتی سەدر و حزبی شیوعی عێراق پـێکەوە بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنەکانی 12 ی مانگی پـێنج دەکەن. گوتیشی ئەم بڕیارە جێی سەرسوڕمان نیـیە، چونکە بە گوتەی خۆی هەردووکیان زیاتر لە دوو ساڵە پـێکەوە لە دژی تایفەگەری و گەندەڵی لە هەموو پارێزگاکان کاریان کردووە.

لە لایەکی دیکە ڕائد فەهمی سکرتێری حزبی شیوعی بە فڕانس پـرێسی گوت ڕێکەوتنەکەیان لەگەڵ ڕەوتی سەدر تایفەگەرانە نیـیە، بەڵکو بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتیـیە. گوتیشی ئەمە بوار بە کەسانێکی سەر بە بزوتنەوەیەکی ئیسلامی دەدات لەگەڵ کەسانی سیکیولاردا پـێکەوە کاربکەن. باسی لەوەش کرد سەرەتا بە هاوکاری نێوان چەند کەسێکی هەردوو لایان دەستیپـێکردووە و پاشان پەرەی پـێدراوە بۆ هاوپەیمانێتی سیاسی.

جێی ئاماژەیە هاوپەیمانێتیـیەکە ناوی " سائرون نحو الإصلاح"ی لێنراوە و 6 قەوارەی سیاسی لەخۆی دەگرێت، ئەوانیش (الاستقامة الوطني، الشيوعي العراقي، التجمع الجمهوري العراقي، الترقي والإصلاح، الدولة العادلة، والشباب والتغيير). الاستقامة الوطني قەوارەکەی ڕەوتی سەدرە و کەسانی تەکنۆکراتی لە نێودایە.

XS
SM
MD
LG