داعش بەرپـرسیارێتی خۆی لەو تەقینەوەیە خوێناویـیەی ناوچەی سەدری بەغدای پایتەختی عێراق ڕاگەیاند کە بووەتە مایەی کوژرانی 63 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 85 کەسی دیکە.
تەقینەوەکە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە بازاڕی عرێبە ڕوویدا لە نزیک ئارێژگایەکی ژنان و بەپـێی سەرچاوەکانی پـۆلیس و تەندروستی زۆربەی قوربانیـیەکان ژنن. جگە لە زیانە گیانیـیەکان هەروەها زیانێـکی ماددی زۆریش بەر بازاڕەکە و ئۆتۆمبیلی خەڵکی کەوتووە.
داعش ڕاگەیاندنێـکی لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە و تیایدا گوتویەتی خۆکوژێـکی بە ناوی ئەبو سولەیمان ئەلئەنساری ئۆتۆمبیلێـکی بۆمبڕێژکراوی لە ناوچەی سەدری شیعەکان لە باکوری بەغدا تەقاندووەتەوە.
بەڵام کەسێـک بە ناوی کەریم سـاڵح بە ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەتد پـرێسی گوتووە بە چاوی خۆی بینیویەتی کەسێـک پـیکابێکی بڕ سەوز و میوەی لە قەراغ جادەکە ڕاگرتووە و پاشان دابەزیوە و خۆی لە نێو خەڵکیدا ونکردووە و دواتر ئۆتۆمبیلەکە تەقیوەتەوە. گوتوشیەتی تەقینەوەکە هێندە بەهێزبووە ناوچەکەی هەژاندبوو.
جێی وەبیرهێنانەوەیە لە مانگی دووش چەند بۆمبێـک لە بازاڕێکی ناوچەی سەدر تەقینەوە و لە ئاکامدا 73 کەس گیانیان لەدەسـتدا.