Accessibility links

موقتەدا ئەلسەدر حزبە سیاسیـیەکانی عێراق ئاگاداردەکاتەوە


ڕێبەرێـکی شیعەی عێراق ئاگاهی بە ڕێبەرانی حزبە سیاسیـیەکانی وڵاتەکەی دەدات کە ئەگەربێت و کۆسپ بخەنە بەردەم حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری عێراق بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە حکومەتدا، ئەوا ڕووبەڕووی ناڕەزایی خەڵک دەبنەوە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز لە زاری شێخ ئەسعەد ئەلنەسیری نوێنەری موقتەدا ئەلسەدر بڵاویکردووەتەوە کە گوتویەتی ئەگەر هاتوو عەبادی کۆمەڵێـک چاکسازی باشی خستە ڕوو و میللەت پـێی قایل بوو، بەڵام دەنگی پـێویستی لە پەرلەمان بەدەسـت نەهێنا، ئەوا ناڕەزایی بەڕێوەدەچێت لە دژی هەر پەرلەمانتارێـک دەنگی بۆ چاکسازیـیەکە نەدابێت.

پاشان ئەلنەسیری گوتویەتی موقتەدا ئەلسەدر هەتا ڕۆژی شەممە مۆڵەتی بە عەبادی داوە حکومەتی تەکنۆکراتی خۆی ڕابگەیەنێت، ئەگەر نا ئەوا هەڵوێستێـکی دیکەیان دەبێت و شەممە ڕایدەگەیەنن و هەر تەنیا لە بەردەم ناوچەی سەوز مان ناگرن. بەڵام لە هەمان کاتدا داوای لە مانگرتووان کرد پابەندی ئاشتیانەی ناڕەزایـیەکانیان بن و تاکە کەسیانە ڕەفتار نەکەن.

بەپـێی ڕاپـۆرتەکان گەندەڵی ئیداری لە عێراق وڵاتەکەی بە ئاقارێـکی زۆر خراپدا بردووە و هەتا ئێسـتا هیچ هەنگاوێـکی جیدی بۆ نەهێشتنی نەنراوە هەرچەندە کاربەدەسـتانی باڵا هەمیشە باس لە هەوڵەکان بەو ئاڕاستەیە دەکەن.

ڕێـکخراوی شەفافیـیەتی نێودەوڵەتی دەڵێت لە ساڵی 2015 عێراق لە پلەی 161 دا بووە لە کۆی 168 وڵاتی جیهاندا، واتە تەنیا 7 وڵاتی ئەو 168 وڵاتە زیاتر لە عێراق گەندڵی تێدایە.

XS
SM
MD
LG