چەندین سەرچاوە دەڵێن کەسایەتی ئایینی شیعەکانی عێراق موقتەدا سەدر بناغە دادەنێت بۆ گەڕانەوە بۆ کایەی سیاسی، ئەمەش دوو ساڵ دوای جووڵە بە گرەو و کوشندەکەی بۆ پێکهێنانی حکومەتێک بەبێ ڕکابەرە شیعەکانی.
چاودێران دەڵێن گەڕانەوەی سەدر، کە پێشبینی دەکرێت بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ساڵی 2025 بێت، دەکرێت مەترسی دروست بکات لەسەر دەسەڵاتەکانی ڕکابەرەکانی، لەوانەش حزبە شیعەکانی عێراق و فراکسیۆنە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانەوە، هەروەها دەکرێت جێگیرییەکەی ئەمدواییانەی عێراق بخاتە مەترسییەوە.
بەڵام پێدەچێت زۆرینەی دانیشتوانە شیعەکەی عێراق پێشوازی لە دەرکەوتنەوەی سەدر بکەن، بە تایبەتی لە نێو ئەو لایەنگرانەیدا کە خواپەرست و هەژارن و سەدر وەکو پاڵەوانێکی چەوساوەکان سەیر دەکەن.
ڕۆیتەرز لەسەر ئەم ڕاپۆرتە قسەی لەگەڵ 20 کەسدا کردووە، بە سیاسییەکانی ناو بزووتنەوەی سەدر و فراکسیۆنە ڕکابەرەکان و کەسایەتییە ئایینییەکان و سیاسییەکانی ناو شاری پیرۆزی شیعەکان نەجەفیشەوە، هەروەها قسەی لەگەڵ بەرپرسانی حکومەت و شڕۆڤەکارانیشدا کردووە. زۆربەیان بە مەرجی ئاشکرانەکردنی ناوەکانییان قسەیان کردووە.
یاسادانەرێکی پێشووی سەر بە بزووتنەوەکەی سەدر وتی " ئەمجارە بزووتنەوەی سەدرییەکان پلانی بەهێزتری هەیە وەک لە جاری پێشوو بۆ بردنەوەی کورسی زیاتر لە پێناو پێکهێنانی حکومەتێکی زۆرینەدا."
سەدر لە ساڵی 2020 دا لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقدا سەرکەوت، بەڵام فەرمانی بە یاسادانەرەکانی کرد دەست لە کاربکێشنەوە، دواتر " دوایین کشانەوەی " ڕاگەیاند لە سیاسەت، ئەوەش دوای ئەوەی حزبە شیعە ڕکابەرەکانی هەوڵێکی سەدرییان پووچەڵ کردەوە بۆ پیکهێنانی حکومەتی زۆرینە بە تەنها لەگەڵ حزبە کوردی و سوننییەکاندا.
سەدر دژایەتی دەسەڵاتی ئێران و ئەمەریکا دەکات لە عێراقدا.
ئێران بەشداریی سەدر لە سیاسەتدا بە هۆکارێکی گرنگ دادەنێت بۆ پاراستنی سیستمە سیاسییە زۆرینە شیعەکەی ناو عێراق بۆ ماوەیەکی درێژخایەن، بەڵام تاران بۆچوونەکانی سەدر وەکو دەسەڵاتێکی باڵادەست بە تەنها ڕەت دەکاتەوە.
ئەمەریکاش کە لە ساڵی 2004 دا دژی هێزەکانی سەدر شەڕیکرد، سەدر وەکو مەترسییەک بۆ سەر جێگیرییە لاوازەکەی عێراق سەیر دەکات، بەڵام وەکو پێویستییەکیش سەیری دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتەکانی ئێران لە عێراقدا.
سەدر لە مانگی سێوە دەرکەوتووەتەوە. سەرەتا لەگەڵ کەسایەتی دیاریی ئایینی شیعەکان ئایەتوڵا عەلی سیستانیدا کۆبووەوە، کە ملیۆنان شیعەی عێراقی ڕێزی لێدەگرن، سیستانی ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە کۆتایی هێنان بە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان شیعەکاندا لە ساڵی 2022 دا کە پێش دەرچوونی سەدر لە سیاسەت ڕوویاندا.
بەپێی شەش کەس لە ناو بزووتنەوەکەی سەدرییەکاندا، سەدرییەکان کۆبوونەوەکەی سەدر لە 18 ی مانگی سێدا لەگەڵ سیستانیدا وەکو پشتگیرییەک دەبینن، سیستانی لە دەرەوەی گێژاوە سیاسییەکەی ناو عێراقە و زۆرجار لەگەڵ سیاسییەکاندا کۆنابێتەوە.
مەلایەکی نزیک لە سیستانییەوە وتی سەدر باسی لە ئەگەری گەڕانەوەی کردووە بۆ ژیانی سیاسیی و پەرلەمان و " بە دەرەنجامێکی ئەرێنییەوە لەم کۆبوونەوەیەدا هاتووەتە دەرەوە."
چەند ڕۆژێک دوای کۆبوونەوەکە، سەدر داوای لە یاسادانەرەکانی کرد کە لە ساڵی 2021 دا دەستییان لە کار کێشابووەوە، کۆببنەوە و تاوتوێی بناغە سیاسییەکەی بزووتنەوەکە بکەن.
کەسێکی نزیک لە سەدرەوە وتی سەدر دواتر ناوی بزووتنەوەکەی گۆڕیوە بۆ بزووتنەوەی نیشتیمانی شیعە، ئەوەش وەکو لێدانێک لە حزبە شیعەکانی دیکە کە وەکو نانیشتیمانپەروەر سەیرییان دەکات و وەکو گوێڕایەڵی ئێران دەیانبینێت، هەروەها ئەمە هەوڵێکی دیکەشییەتی بۆ فراوانکردنی بناغەکەی بە هێڵە تائیفییەکاندا.
شڕۆڤەکاری عێراقی و هاوبەشێکی سەردانکەر لە ئەنجومەنی ئەوروپا بۆ پەیوەندییە دەرەکییەکان حەمزە حەداد دەڵێت " بێگومان هەمیشە مەترسییەکی گەورەتری ناسەقامگیری هەیە کاتێک خەڵکێکی زۆر دەسەڵات هاوسەنگ دەکەن، بە تایبەتی کاتێک چەکدار بن. بەڵام سەدرییەکان دەبێت بە توندییەکی کەمترەوە بگەڕێنەوە."
وتی " حزبە سیاسییەکان دەزانن کە هاوبەشیکردنی دەسەڵات باشترە لەوەی هەمووی پێکەوە لە دەست بدەیت."
سیاسییەکی باڵای بزووتنەوەی سەدر وتی بزووتنەوەکە ڕەنگە هەوڵ بدات هاوپەیمانی لەگەڵ هەندێک لە فراکسیۆنە فەرمانڕەواکانی شیعەکاندا دروست بکات، لەوانەش سەرۆک وەزیری عێراق محەمەد شیاع سودانی، لە هەمان کاتیشدا پەراوێزخستنی ڕکابەرە سەرسەختەکانی وەکو قەیس خزعەلی سەرکردەی عەسائیب ئەلحەقی چەکداریی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی لێدەکرێت.
ڕاوێژکارانی سودانی دەڵێن سودانی کراوەیە بە ڕووی بژاردەکاندا.
سیاسییەکی بزووتنەوەی سەدر وتی " گروپ هەن لەو چوارچێوەیەدا کە پەیوەندییەکی درێژخایەنمان لەگەڵییاندا هەیە و دەکرێت ببینە هاوپەیمانییان لە پێش و دوای هەڵبژاردنەکانیشدا. ئەوەی کە قبووڵی ناکەین ئەوەیە کە بکەوینە مامەڵەوە لەگەڵ میلیشیا گەندەڵەکاندا."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز