Accessibility links

حکومەتی عێراق فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی سامانەکانی سەدام حوسەینی داوە


دەسەڵاتدارانی عێراق فەرمانێکیان داوە بۆ دەستبەسەرداگرتنی تەواوی سامان و موڵکەکانی کاربەدەستانی پێشوی عێراق لەوانە سەدام حوسەین دیکتاتۆری لە سێدارەدراوی وڵاتەکە.

ئەم فەرمانە هەر تەنها سەدام حوسەین ناگرێتەوە، بەڵکو 4200 کاربەدەستی تری ڕژێمەکەی پێشووی سەدام حوسەینیش دەگرێتەوە.

لیستی ئەو ناوانەش لەلایەن ئەو دەزگا تایبەتەی حکومەتی عێراقەوە دانراوە کە ئەرکەکەی بەدواداچوونە بۆ کاربەدەستانی پێشووی پارتی بەعسی سەدام حوسەین.

ئەم فەرمانە هەر تەنها ئەو کاربەدەستانەی پێشوو ناگرێتەوە بەڵکو هاوسەرەکانیان و هەروەها منداڵەکانیشیان و نەوەکانیشیان دەگرێتەوە.

سەدام حوسەین، دیکتاتۆری پێشوی عێراق لە ساڵی 1979 دا بە فەرمی بووە سەرۆکی وڵاتەکە و لە ساڵی 2003 دا لە ئاکامی هێرشی هاوپەیمانانی بەسەرکردایەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕژێمەکەی ڕوخا و دواتر لە ناوچەی تکریت دەستگیرکرا و پاش دادگاییکردنی بڕیاری مردنی لەسەر درا.
لە درەنگانێکی ڕۆژی 30 ی مانگی 12 ی ساڵی 2006 دا، سەدام حوسەین لە سێدراە درا.

XS
SM
MD
LG