Accessibility links

ڕووسیا داوا لە هەرێمی کوردستان دەکات خواستەکانی لە ڕێگەی عێراقەوە بەدیبهێنێت


وەزیری دەرەوەی ڕووسیا دەڵێت ڕێز لە خواستەکانی گەلی کوردی هەرێمی کوردستان دەگرن، بەڵام پـێویستە لە ڕێگەی وتووێژەوە کێشەکانیان لەگەڵ حکومەتی عێراق چارەسەر بکەن.

سێرگێی لاڤرۆڤ ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ ئیبراهیم جەعفەری هاوتا عێراقیـیەکەی لە مۆسکۆ گوتی لە خواستەکانی گەلی کورد تێدەگەن بۆ بەهێزکردنی ناسنامە و بوونی خۆیان، بەڵام کارێکی دوروستدەبێت ئەگەر ئەو خواستانەیان لە ڕێگەی حکومەتی عێراقەوە بەدیبهێنن و لە ئاستی داواکانیاندا ڕەچاوی ناوچەکە بکەن تاوەکو نەبنە سەرچاوەی ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا.

لاڤرۆڤ گوتیشی سەبارەت بە ڕێفراندۆمەکەی 25 ی مانگی نۆی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جەعفەری وتووێژی کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە گرنگە بەغدا و هەولێر ڕێز لە یەکتربگرن و کێشەکانیان بە تەوافوق چارەسەر بکەن و یەکپارچەیی خاکی عێراق بپارێزن.

بەڵام گوتی مۆسکۆ لە پەیوەندیـیە ئابوریـیەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت وەک چۆن لەگەڵ بەشەکانی دیکەی عێراق هەیەتی. گوتیشی کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە هەولێر کە سەر بە باڵیۆزخانەی ڕووسیایە لە بەغدا داناخات.

جەعفەری لای خۆیەوە گوتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی نادەستوری ڕیفراندۆمی ئەنجام دا سەرەڕای ناڕەزایـیەکانی حکومەتی ناوەندی، وە حکومەتی عێراق بۆ پاراستنی یەکپارچەیی عێراق شاری کەرکوکی کۆنترۆڵکردەوە.

XS
SM
MD
LG