Accessibility links

وڵاتان بەڵێن دەدەن بە بەهای 30 ملیار دۆلار یارمەتی عێراق بدەن


ژمارەیەک لە وڵاتانی جیهان لە کۆنگرەی کوەیت بۆ بنیادنانەوەی عێراق بەڵێنیان داوە یارمەتی ئەم وڵاتە بدەن بە ملیاران دۆلار تاوەکو بتوانێت ژێرخانی خۆی بنیادبنێتەوە کە بەهۆی زیاتر لە 3 ساڵی شەڕی داعش زیانی پـێگەیشتووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە لە پاش سێ ڕۆژ لە کۆبوونەوە و وتووێژکردن، کۆتایی بە کۆنگرەکە هات و بە دوایدا ژمارەیەک وڵات بڕیاریان دا یارمەتی عێراق بدەن بە نزیکەی 30 ملیار دۆلار، ئەمەش لە کاتێکدا عێراق خوازیارە کۆمەڵی نێودەوڵەتی بە بەهای 88 ملیار دۆلار یارمەتی بدات.

مەولود چاوش‌ئۆعڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی وڵاتەکەی بەڵێن دەدات بە 5 ملیار دۆلار یارمەتی عێراق بدات، ئەمەش بە شێوەی وەبەرهەمهێنان و قەرز، بەڵام هیچ وردەکاری زیاتری ڕانەگەیاند.

بەریتانیاش بڕیاری داوە بۆ ماوەی دە ساڵ، ساڵانە بە بەهای یەک ملیار دۆلار ئاسانکاری بۆ عێراق بکات لە بواری هەناردەکردندا.

عەرەبستانی سعودیـیە بەڵێنی داوە 1.5 ملیار دۆلار پـێشکەش بکات و سندوقی دراوی عەرەبی بنکە لە کوەیت ئەویش بڕیاری داوە لە چەند ساڵی داهاتوو 1.5 ملیار دۆلار بە عێراق بدات وەک یارمەتی بۆ بنیادنانەوەی ژێرخانی وڵاتەکەی.

وڵاتی قەتەر کە لە کێشەدایە لەگەڵ ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی بڕیاری داوە 1 ملیار دۆلار بۆ هەمان مەبەست تەرخان دەکات. ئیماراتی عەرەبی بەڵێنی داوە 500 ملیۆن دۆلار پـێشکەش بکات، بانکی ئیسلامیش بڕیاری داوە 500 ملیۆن دۆلار دابینبکات. ئەڵمانیاش 500 ملیۆن یورۆ کە دەکاتە نزیکەی 617 ملیۆن دۆلارپـێشکەش دەکات و یەکێتی ئەوروپا 400 ملیۆن یورۆ کە دەکاتە نزیکەی 494 ملیۆن دۆلار دەبەخشێت.

ئەمەریکا لای خۆیەوە هیچ یارمەتیـیەکی لە کۆنگرەکە ڕانەگەیاند، بەڵام پـلانی هەیە زیاتر لە 3 ملیار دۆلار بدات وەک قەرز بە عێراق و هەروەها وەک یارمەتی بۆ کۆمپانیا ئەمەریکایـیەکان لە وەبەرهەمهێنان لە عێراقدا.

XS
SM
MD
LG