Accessibility links

هێزەکانی عێراق دواترین شارۆچکەی وڵاتەکە لە داعش ڕزگاردەکەن

  • VOA News

کاربەدەستان و فەرماندە لەشکریـیەکانی عێراق دەڵێن شارۆچکەی ڕاوەی ڕۆژئاوای وڵاتەکە لە پارێزگای ئەنبار کە دواترین شارۆچکە بوو لە ژێر دەستی داعش، لە ئۆپەراسیۆنێکی چەند کاژمێریدا لە چەکدارانی داعش ڕزگارکرا.

فەرماندەیەکی لەشکری بە پلەی عەمید ڕوکن بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی ڕاگەیاند بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی فیرقەی حەوت و هێزەکانی ئەلجەزیرە و هێزە چەکدارەکانی خێڵەکانی ناوچەکە بە پاڵپشتی هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان و هەلیکۆپتەری لەشکر لە سێ قۆڵەوە هێرشەکەیان دەسـتپـێکرد و لە ماوەی چەند کاژمێرێکدا تەواوی شارۆچکەکە و ناوچەکانی دەوروبەریان ڕزگارکرد.

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکە بەم بۆنەیەوە پـیرۆزبایی لە هێزەکان و خەڵکی عێراق کرد.

ئۆفیسی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیر لە فەیسبوکی فەرمی خۆی نووسیویەتی عەبادی دەڵێت ڕزگارکردنی ڕاوە لە ماوەی چەند کاژمێرێکدا نیشانەی ئەو هێز و توانایانەیە کە هێزەکانی عێراق هەیانە و هەروەها سەرکەوتوویی ئەو پـلانانەیە کە لە شەڕەکاندا پەیڕەودەکرێن. گوتوشیەتی هێزەکانیان بەردەوامن لە ڕاوەدونانی داعش لە ناوچەی ئەلجەزیرە و بیابانی ڕۆژئاوای وڵاتەکە.

قاسم ئەلئەعرەجی وەزیری ناوخۆی عێراق لەم بارەیەوە گوتویەتی بە ڕزگارکردنی ڕاوە داعش لە ڕووی لەشکریـیەوە لە عێراق کۆتایی‌پـێهات.

هەروەها عرفان ئەلحەیالی وەزیری بەرگری عێراق ئەویش گوتویەتی گەڕاندنەوەی ڕاوە بۆ ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق خاڵێکی وەرچەرخانی نوێـیە لە ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەکەدا. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد ئەم سەرکەوتنە لە ئەنجامی هاوکاری عێراق و کۆمەڵی نێودەوڵەتی بووە لە شەڕی دژی تێرۆردا.

XS
SM
MD
LG