Accessibility links

لەشکری عێراق: شاری ڕومادی بە تەواوی ڕزگارکرا


لەشکری عێراق ڕایگەیاند شاری ڕومادی ناوەندی پارێزگای ئەنبار بە تەواوی لە داعش ڕزگارکراوە و ئێسـتا تیمە تایبەتەکانیان سەرقاڵی پاککردنەوەی شارەکەن لە تەقەمەنی و بۆمبی چێنراو.

عەمید یەحیا ڕەسوڵ گوتەبێژی فەرماندەیەتی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە بەیانـنامەیەکدا گوتی شاری ڕومادی ڕزگارکرا و هێزەکانی دەزگای نەهێشتنی تێرۆر ئاڵای عێراقیـیان بەسەر کۆمەڵە بیناکانی حکومەت بەرزکردووەتەوە.

بەپـێی ڕاپـۆرتەکان چەکدارانی داعش ئەوانەی توانیویانە لە شارەکە هەڵبێن بەرەو شارۆچکەی سۆفیە هەڵاتوون.

بەر لە گەیشتنی هێزەکانی حکومەت بۆ کۆمەڵە بیناکانی حکومەت چەکدارەکانی داعش بەرەو ناوچەکانی باکوری شارەکە هەڵاتبوون.

هاوکات سەرچاوەیەک لە لەشکری عێراق گوتی هێزەکانیان هەروەها توانیویانە بەنداوی ڕومادیش ڕزگاربکەن. بەنداوەکە دەکەوێتە باکوری شارەکەوە.

XS
SM
MD
LG