Accessibility links

فەرماندەیەکی عێراق: هێزەکانمان خۆیان ئامادە دەکەن بۆ گرتنەوەی کۆمەڵە بیناکانی حکومەت لە ناوەندی شاری ڕومادی


فەرماندەیەکی ئاسایشی عێراق دەڵێت هێزەکانی دژە تێرۆر خۆیان ئامادە دەکەن بۆ چوونە ناو کۆمەڵە بیناکانی حکومەت لە ناوەندی شاری ڕومادی، ئەمەش پاش ئەوەی ڕۆژی سێشەممە چەند گەڕەکێـکی شارەکەیان لە داعش پاککردەوە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس لە زاری ئەفسەرێـکی دەزگای دژە تێرۆری عێراق ئەمەی ڕاگەیاند کە گوتویەتی هێزەکانیان تەنها یەک کیلۆمەتر لە ناوچەی ئەلحۆز دورن کە لەوێ ئۆفیسەکانی پارێزگاکەی لێـیە و ئێسـتا خۆیان ئامادە دەکەن هێرشی بۆ بکەن. ئەم هەنگاوەی هێزەکانی عێراق پاش ڕۆژێـک دێت لەوەی هێزەکانی ناسراو بە "ئەلنوخبە" توانیبویان لە قۆڵی باشوری ڕومادیـیەوە پـێشڕەوی بکەن و چەند ناوچەیەک کۆنترۆڵ بکەن.

لە لایەکی دیکەوە فەریق عوسمان ئەلغانمی سەرۆکی ئەرکانی لەشکری عێراق پـێشـبینی کرد لە ماوەی چەند ڕۆژێـکدا هێزەکانیان بە تەواوی شاری ڕومادی ڕزگاربکەن.

هاوکات کۆلۆنێل ستیڤ وارن گوتەبێژی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش پـشـتڕاستی کردەوە کەوا هێزەکانی عێراق لە پـێشڕەویدان بۆ ڕزگارکردنی شاری ڕومادی، بەڵام ئاژماژەی کرد کە کاتی زیاتر بۆ ڕزگاکردنی تەواوی شارەکە پـێویستە.

گوتیشی لە ماوەی 24 کاژمێری ڕابردوو فڕۆکەکانی هاوپەیمانان 33 هێرشی ئاسمانیـیان کردووەتە سەر داعش لە شارەکەدا.

ئەگەربێت و شاری ڕومادی لە داعش پاکبکرێتەوە، ئەوا دەبێتە دووەم شاری گەورە لە پاش تکریت کە لە لایەن هێزەکانی عێراقەوە لە داعش ڕزگاربکرێت.

XS
SM
MD
LG