Accessibility links

وەزارەتی بەرگری عێراق: داعش ناهێڵێت خەڵکی سیڤیل ڕومادی چۆڵ بکەن


وەزارەتی بەرگری عێراق دەڵێت چەکدارانی داعش ئەمڕۆ دووشەممە ڕێگەیان لە خەڵکی سیڤیل گرتووە لە شاری ڕومادی ناوەندی پارێزگای ئەنبار بچنە دەرێ، پاش ئەوەی دوێنێ حکومەت داوای لە خەڵکی کرد شارەکە چۆڵ بکەن.

نەسیر نوری گوتەبێژی وەزارەتەکە ئەمڕۆ دووشەممە گوتی بەپـێی ئەو زانیاریـیە هەواڵگریـیانەی بەدەسـتیان گەیشتووە، چەکدارانی داعش ڕێگەیان بە خەڵکی سیڤیل نەداوە شارەکە چۆڵ بکەن، هەتا وەکو قەڵغانی مرۆیی بەکاریان بهێنن لە کاتی ئەو ئۆپەراسیۆنە لەشکریـیەی چاوەڕوان‌دەکرێت بۆ پاککردنەوە شارەکە لە داعش ئەنجام بدرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد خێزان هەن توانیویانە لە شاری ڕومادی لە دەست داعش هەڵبێن، بەڵام نەیگوت ژمارەیان چەندە.

جێی ئاماژەیە دوێنێ یەکشەممە فڕۆکەی هێزی ئاسمانی عێراق کاغەزی بەسەر شاری ڕومادی هەڵدا و تیایدا نووسراوە لەشکر بە نیازی هەڵمەتێـکی گەورەیە بۆ پاککردنەوە شارەکە لە داعش، بۆیە داوا دەکات لە ماوەی 72 کاژمێردا شارەکە لە خەڵکی سیڤیل چۆڵ بکرێت. هەورەها لە کاغەزەکە چەند ڕێگەیەکی سەلامەتیان بۆ دەربازبوون دەسـتنیشانکردووە.

بەپـێی کاربەدەسـتانی عێراق لە ئێسـتادا 250 هەتا 300 چەکداری داعش لە ناوەندی شارەکە ماونەتەوە.

XS
SM
MD
LG