Accessibility links

فەرماندەیەتی لەشکری عێراق ڕەتی دەکاتەوە بە هێرشی ئاسمانی خەڵکی سیڤیل کرابنە ئامانج


فەرماندەیەتی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ئەو ڕاپـۆرت و هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە دەڵێن بە هێرشی ئاسمانی خەڵکی سیڤیل لە شاری قائیمی ڕۆژئاوای وڵاتەکە کراونەتە ئامانج.

فەرماندەیەتیـیەکە ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە بەیانـنامەیەکدا کە لەسەر فەیسبوکەکەی بڵاویکردووەتەوە نووسیویەتی ئەو هەواڵانە چیرۆکی هەڵبەستراون و نابێت بڕوا بەو درۆ و پـڕوپاگەندانە بکرێت کە داعش بڵاویان دەکاتەوە.

پاشان پشـتڕاستیکردەوە فڕۆکەی عێراقی ڕۆژی چوارشەممە هێرشە ئاسمانیـیەکانیان بۆ سەر چەند شوێنێـک لە شاری قائیمی ژێر دەستی داعش ئەنجامداوە. دەشڵێت یەک لە شوێنەکان خانویەکی دوو نهۆمی بووە لە ناوچەی کەرابیلە و لە کاتی هێرشە ئاسمانیـیەکە 25 خۆکوژی بیانی تێدابوو و کەسێـک بە ناوی ئەبو مەیسەرە ئەلقەوقازی ڕێبەرایەتی دەکردن. پاش 55 خولەک خانویەکی دیکەی دوو نهۆمی بۆردومانکرا کە نزیکەی 30 هەتا 40 چەکداری بیانی داعشی تێدابوو.

پـێشتر ژمارەیەک کاربەدەسـتی عێراقی گوتیان دەیان خەڵکی سیڤیل ڕۆژی چوارشەممە لە شاری قائیم کوژراون بەهۆی هێرشی ئاسمانیـیەوە.

سەلیم ئەلجبوری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە بەیانـنامەیەکدا ناڕەزایی خۆی دەربڕی و داوای لە حکومەت کرد لێکۆڵینەوە لە بارەی ئەم هێرشە ئاسمانیـیانەوە بکات کە شوێنی بازاڕیان کردبووە ئامانج و لە ئاکامدا دەیان کەس کوژراون و برینداربوون.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز دەڵێت بەپـێی ڕاپـۆرتی نەخۆشخانە و چەند بەرپـرسێـک نزیکەی 60 کەس کوژراون کە زۆربەیان خەڵکی سیڤیل بوون، لەوانە 12 ژن و 19 منداڵ.

XS
SM
MD
LG