Accessibility links

تەندروستی عێراق دەڵێت کوژراو و بریندار هەن لە ئاکامی پـێکدادانی خۆپـیشاندەران و پـۆلیس لە بەغدا


وەزارەتی تەندروستی عێراق دەڵێت لە ئەنجامی پـێکدادانی خۆپـیشاندەران و هێزەکانی ئاسایش لە لە بەغدای پایتەخت 2 کەسی سیڤیل کوژراون و نزیکەی 200 کەسی دیکە برینداربوون.

ئەمڕۆ سێشەممە لە پاش بڵاوەپـێکردنی خۆپـیشاندەران بە زەبری هێز لە لایەن هێزەکانی ئاسایشەوە، وەزارەتەکە بەیاننامەکەی بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیویەتی لە نێو بریندارەکان 160 کەسی سیڤیل و 40 ئەندامی هێزەکانی ئاسایش هەن.

بەپـێی گەواهیدەران زیاتر لە هەزار کەس بەشداریـیان لە خۆپـیشاندانەکەدا کردبوو کە لە مەیدانی "تەحریر" گردبووبوونەوە و هەوڵیان دابوو لە ڕێگەی پـردی جمهوریـیەوە بەرەو ناوچەی سەوز بەڕێبکەون بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر خراپی خزمەتگوزاریـیەکان و ئەو گەندەڵیـیەی وڵاتەکەی گرتووەتەوە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس ڕایگەیاند یەکێک لە دروشمەکانی خۆپـیشاندەران گوتویانەتەوە " باگۆنا ئلحرامیـیە" واتە دزەکان دزیـیان لێکردین.

بەپـێی ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی عێراق لەسەر ئاستی جیهان لە پـلەی 12 هەمینە لە گەندەڵیدا، وە بەپـێی ڕاپـۆرتە فەرمیـیەکان لەوەتای لە ساڵی 2003 وە ڕژێمی سەدام حسێنی دیکتاتۆر ڕووخاوە نزیکەی 450 ملیار دۆلار لە سەروەت و سامانی گشتی عێراق دیارنەماوە.

موقتەدا سەدر ڕێبەری بەشێکی شیعەکانی عێراق لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی" دەبێت هەرسێ سەرۆکایەتیـیەکەیە لێکۆڵینەوەیەکی دادپەروەرانە ئەنجام بدەن لەسەر ئەوەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی تەحریر ڕووی دا."

عەممار ئەلحەکیم سەرۆکی پارتی "تيار الحكمة الوطني" ئەویش لای خۆیەوە بەکارهێنانی هێز لە دژی خۆپـیشاندەرانی شەرمەزارکرد و داوای کۆبوونەوەیەکی بە پەلەی پەرلەمانی کرد.

کاربەدەستانی ئاسایش و بەرگری شارستانی دەڵێن ژمارەیەک لە خۆپـیشاندەران ئاگریان لە شوێنە گشتیـیەکان کردووەتەوە و ڕووبەڕووی هێزەکانی ئاسایش بوونەتەوە.

XS
SM
MD
LG