Accessibility links

وتەبێژی موقتەدا سەدر بۆ دەنگی ئەمەریکا: سەید موقتەدا لەگەڵ هێزە ئەمنیەکان لەسەر هێڵە و لە خەمی سەلامەتی پاپادایە


بەرپرسانی هێزە شیعیەکان ئاماژەبەوەدەکەن، پێش سەردانی پاپا فرانسیس بۆ بەغدا، ترسیان هەبووە لە سەردانەکەدا زیان بە پاپا بگەیەنرێت، بۆیە هەموویان لەسەر هێڵ بوون، تا ڕێوشوێنی ئەمنی توندبگیرێتەبەر و سەردانەکەی پاپا بەسەلامەتی ئەنجام بدرێت.

سەڵاح عوبەیدی وتەبێژی موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر، سەردانەکەی پاپا فرانسیسی بۆ عێراق، بە سەردانێکی گرنگ وەسفکرد، بەدەنگی ئەمەریکای وت"هەموو عێراقیەکان چاودێری سەردانەکە دەکەن، جگە لەهەندێک دەنگی نەشاز."

ئاماژەی بەوەشکرد، پێش سەردانەکەی پاپا، موقتەدا سەدر بە ترسەوە مامەڵەی کردووە و داوایکردووە ڕێوشوێنی ئەمنی توند بگیرێتە بەر، تا پاپا بەسەلامەتی بێت و بەسەلامەتی بگەڕێتەوە، بۆیە لەگەڵ گەیشتنیدا بەبەغدا، موقتەدا سەدر بەخێرهاتنی کردووە، وتی"پاپا فرانسیس و عەلی سستانی دوو کەسایەتی ئاشتیخوازن، بۆیە سەردانەکە کاریگەری باشی دەبێت لەسەر وەزعێ عێراق."

پاپا فرانسیس کە لەڕۆژی یەکەمی سەردانەکەیدا لە بەغدا مایەوە و لەگەڵ سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران کۆبوویەوە، ئەمڕۆ شەمەش، سەردانی شاری نەجەف ی کرد و عەلی سستانی ڕێبەری باڵای شیعەکانی عێراقی بینی، بڕیارە سبەینێ یەکشەمە، سەردانی شاری هەولێر و موسڵ بکات، دواتر کۆتایی بەسەردانەکەی بۆ عێراق بهێنێت.

حەسەن جیهاد وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، سەردانەکەی پاپا فرانسیس ی بۆ عێراق بەسەردانێکی مێژویی ناوبرد، بەدەنگی ئەمەریکای وت"سەردانەکە ڕەهەندی ئاینی ، سیاسی ، گەشتوگوزاریشی هەبوو، ئەو پەیامەکەی پێبوو، کە هەمووان فێربن، بە ئاشتی بژین."

ڕوونیشیکردەوە عێراق گیرۆدەی کۆمەڵێک کێشەبووە، پاپا داوایکرد بۆ تێپەڕاندنی ئەو کێشانە، ڕق وەلاوە بنێن و بە ئاشتی بژین، وتی"ئەو ناوچانەی سەردانیکردن، تیشکێکی گەورەی ئیعلامیان دەکەوێتە سەر، چونکە تیمێکی ئیعلامی گەورەی لەگەڵدایە، سەرنجی دونیا بەلای عێراق دا ڕادەکێشێت، هاتنەکەی پاپا گرنگی لەڕووی وەبەرهێنان و گەشت و گوزاریشەوە دەبێت، چونکە کە پاپا خۆی هات، چاوی لێدەکرێت."

جەختیشیکردەوە"بۆ گفتووگۆی نێوان پێکهاتەکانیش، سەردانەکە گرنگ بوو، بەتایبەت بڕیاردرا، حیوارێکی گەورەی جیهانی لەنێوان پێکهاتە ئاینیەکان بکرێت."

لەسەردانەکەیدا بۆ لای عەلی سستانی، پاپا فرانسیس هیچ بەرپرس و کاربەدەستێکی عێراقی لەگەڵ نەبوو، هۆکاری ئەوەش بۆ ڕێگەنەدانی سستانی بە بینینی بەرپرسانی باڵای عێراق دەگێڕدرێتەوە.

سەڵاح عوبەیدی وتەبێژی ڕەوتی سەدر، سەبارەت بە ڕێگەنەدان بە هیچ بەرپرسێکی عێراقی تا لەگەڵ پاپا فرانسیس دا، سەردانی عەلی سستانی بکات، وتی"سەید سستانی نایەوێ خۆی و نوسینگەکەی تێکەڵ بە سیاسیەکان بێت، چونکە دەستیان هەبووە لە گەندەڵی و کەمتەرخەمیدا."

سەردانەکەی پاپا فرانسیس بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بەسەردانێکی گرنگ لێی دەڕوانرێت، بەو پێ یەی دەبێتە هۆی نزیک کردنەوەی پێکهاتە و ئاینەکان لەیەکتری و هەوڵی لەیەکترنزیککردنەوە و ئاشتەوایی دەدات.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:53 0:00


XS
SM
MD
LG