Accessibility links

دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری دا هەردوو دانیشتنەکەی مانگی چواری نێو پەرلەمانی عێراق نادەستوری بوون


دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری دا ئەو دوو دانیشتنەی لە پەرلەمانی وڵاتەکە لە 14 و 26 ی مانگی چوار بەڕێوەچوون و تیایاندا سەرۆکی پەرلەمان لە پـۆستەکەی لادرا و سەرۆکێـکی کاتی دانرا، نادەستوری بوون.

عەبدول سەتار بەیرقدار گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری عێراق ئەمڕۆ سێشەممە گوتی دادگای فیدراڵی گەیشتە ئەو ئەنجامەی دانیشتنی 26 ی مانگی چوار نادەستوری بووە، تەنانەت ئەگەر ژمارەی یاسایی پەرلەمانتارانی پـێویستیشت هەبووبێت.

سەبارەت بە دانیشتنەکەی 14 ی مانگی چوار، بەیرقدار گوتی دادگا لەسەر بنچینەی ڕاپـۆرتی شارەزایان بۆی دەرکەوتووە تەنیا 131 پەرلەمانتار ئامادەی بووبوون، واتە ژمارەی یاسایی تەواو ناکات بۆ دەرکردنی بڕیار، بۆیە دادگا بڕیاری دا ئەو دانیشتنەش نایاسایی‌ بووە.

سەلیم جبوری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەم بارەیەوە گوتی ڕێز لە بڕیارەکەی دادگا دەگرێت. گوتیشی ئەمە نیشانی دەدات ڕەفتاری ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران نادەستوری بوون، بۆیە هەر هەوڵێـک بدرێت بۆ گۆڕانکاری لە نێو دامودەزگاکانی دەوڵەت دەبێت لە ڕێگە یاسا و دەسـتورەوە بێت.

پاشان جەختی لەوە کرد بڕیارەکە وەهای لێ ناکات وازبهێنێت لە هەوڵەکانی خۆی بۆ تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لە دژی ئەوانەی بە گوتەی خۆی بوونە مایەی تێـکدانی موڵکی گشتی و چەواشەکردنی دادگا و پـێدانی پـۆستی فەرمی بە خۆیان بە شێوەیەکی نایاسایی.

XS
SM
MD
LG