Accessibility links

وەزارەتی نەوتی عێراق ئامارەکانی هەناردەی نەوت و داهاتی مانگی شەشی ڕادەگەیەنێت


وەزارەتی نەوتی عێراق ئامارەکانی هەناردەی نەوتی مانگی شەشی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە لەگەڵ ئەو داهاتەی لێی دەستکەوتووە.

وەزارەتەکە ئەمڕۆ چوارشەممە لەسەر ماڵپەڕەکەی نووسیویەتی بەپـێی ئامارە سەرەتایـیەکانی کۆمپانیای سۆمۆ بۆ فرۆشتنی نەوتی عێراق، لە مانگی شەش 84490194بەرمیل نەوتی خاو هەناردەکراون و داهاتەکەی زیاتر لە 2861140000دۆلار بووە.

واتە حکومەتی عێراق لە مانگی شەش زیاتر لە 84 ملیۆن بەرمیل نەوتی فرۆشتووە و زیاتر لە 2.86 ملیار دۆلار دەستکەوتی بووە.

عاسم جیهاد گوتەبێژی فەرمی وەزارەتەکە گوتویەتی زیاتر لە 81 ملیۆن بەرمیلی ئەو نەوتەی هەناردکراوە لە کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشوری وڵاتەکەوە بووە و لە ڕێگەی بەندەری بەسرەوە بارکراون، وە نزیکەی 3.5 ملیۆن بەرمیلی نەوتەکە لە کێڵگەکانی کەرکوک بەرهەمهێنراون و ڕەوانەی بەندەری جیهانی تورکیا کراون.

بەپـێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوت لە مانگی شەش ڕۆژانە نزیکەی 2.8 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەکراون، بەڵام لە مانگی پـێنج هەناردەکە گەیشتبووە 3.21 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

لە ئێستادا عێراق بە قەیرانێکی ئابوریدا تێپەڕدەبێت بەهۆی دابەزینی بەهای نەوت و سستبوونی بازاڕ لە ئەنجامی پەتای کۆرۆناوە.

XS
SM
MD
LG