Accessibility links

ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ وزە: پـێشبینی دەکرێت عێراق ببێتە چوارهەمین بەرهەمهێنەری نەوت لە جیهاندا


ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ وزە IEA مەزەندە دەکات عێراق هەتا ساڵی 2030 ببێتە چوارهەمین وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوت لە جیهاندا.

ئاژانسەکە ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە ڕاپـۆرتێکیدا کە لەسەر ماڵپەڕەکەی بڵاویکردووەتەوە نووسیویەتی پـێشبینی دەکرێت هەتا ساڵی 2030 عێراق ڕۆژانە بە بڕی 1.3 ملیۆن بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوتی زیادبکات و بەوەش دەبێتە سێـیەم وڵات لەسەر ئاستی جیهان کە لەو ماوەیە بەرهەمهێنانی نەوتی بەو ئاستە زیادبکات. هەروەها بەو زووانە دەبێتە چوارهەم بەرهەمهێنەری نەوت لە جیهاندا، لە پاش ئەمەریکا و سعودیـیە و ڕووسیا.

ڕاپـۆرتەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد دەکرێت عێراق لە ئایندە گازی سروشتی زیاتر کۆبکاتەوە و بەکاریبهێنێت لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی وزە. باس لەوەش دەکات کە لە ئێستادا ساڵانە 16 ملیار سێ جا گازی سروشتی بە هەدەر دەچێت و دەسوتێنرێت.

فاتح بیرۆل بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ وزە دەڵێت عێراق جگە لە نەوت، گازێکی سروشتی زۆری هەیە لەگەڵ وزەی خۆر، بەڵام هێشتا بە تەواوی سوودی لێوەرنەگرتوون.

پاشان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە بەغدا تێڕوانینێکی ئەرێنی بۆ ئایندەی کەرتی نەوتی عێراق هەبوو و گوتی گەشبینیەکەی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، کە لە ساڵی 2012 وە هەتا ئێستا بە ڕێژەی 50% بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق زیادیکردووە سەرەڕای دابەزینی نرخی نەوت و دەستگرتنی داعش بەسەر یەک لەسەر سێی خاکی عێراقدا.

XS
SM
MD
LG