Accessibility links

ڕۆیتەرز: عێراق بەرمیلێـک نەوتی خاو بە 30 دۆلار دەفرۆشێت


ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز ڕاپـۆرتێـکی بڵاوکردووەتەوە لە بارەی زیادبوونی ئاستی هەناردەی نەوتی خاوی عێراق و دەڵێت بە نرخێـکی زۆر هەرزانتریش لە نرخی بازاڕ دەفرۆشرێت.

لە ڕاپـۆرتەکەدا هاتووە بۆ مانگی دوازدە هەر بەرمیلێـک لە نەوتی خاوی بەسرە بە 10.40 دۆلار کەمتر لە نرخی نەوتی برنت دەفرۆشرێت. هەندێـک سەرچاوە دەڵێن جاری وەها هەیە بە کەمتریش لەو نرخە فرۆشراوە.

لە ساڵی 2015 بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق نزیکەی 500 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێـکدا زیادیکردووە، بەم پـێیە عێراق دەبێتە یەکێـک لەو وڵاتانەی لەسەر ئاستی جیهاندا بە خێرایی بەرهەمەکانی نەوتی زیاتردەبن.

ڕۆیتەرز دەڵێت سەرچاوەیەک لە کەرتی نەوتی عێراق بۆی ئاشکراکردووە حکومەت بەنیازە سـاڵی 2016 ڕۆژانە 3 بۆ 3.2 ملیۆن بەرمیل نەوت لە بیرە نەوتیـیەکانی باشورەوە هەناردە بکات، بەڵام سەرچاوەکە نەیتوانیبوو پـێشبینی بکات هەناردەکانی نەوتی هەرێمی کوردسـتان چەند دەبن.

هەرچەندە ناکۆکی لە نێوان بەغدا و هەولێر هەیە لە بارەی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نەوت لە ڕێگەی تورکیاوە هەناردە کراوە و لە کۆتایی سـاڵی 2014 گەیشتووەتە نزیکەی 600 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێـکدا.

عێراق شوێنی عەرەبسـتانی سعودیـیەی گرتووەتەوە و بووەتە دووەم گەورەترین سەرچاوەی هەناردەی نەوت بۆ ئەوروپا لە پاش ڕووسیا.

چاودێران سەرسامن بە زیادبوونی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراقدا. نوێنەری یەکـێک لە وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی ئۆپـیک گوتویەتی پـێویستە عێراق ئۆپیک لە پـلانەکانی بۆ ساڵی داهاتوو ئاگاداربکاتەوە.

XS
SM
MD
LG