Accessibility links

عێراق پاڵاوگەیەکی پـێشکەوتووی سووتەمەنی لە کەرکوک بنیاددەنێت


وەزارەتی نەوتی عێراق گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیایەکی کوردی مۆرکردووە بۆ بنیادنانی پاڵاوگەیەکی سووتەمەنی لە کەرکوک بە توانای بەرهەمهێنانی 70 هەزار بەرمیل سووتەمەنی لە ڕۆژێکدا.

وەزارەتەکە ئەمڕۆ پـێنجشەممە لەسەر ماڵپەڕی خۆی هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی مەراسیمی مۆرکردنی گرێبەستەکە بە ئامادەبوونی جەبار لعێبی وەزیری نەوت بەڕێوەچوو و ناوبراو تیایدا گوتویەتی بنیادنانی باڵاوگەی نەوتی کەرکوک هەنگاوی یەکەمە لە بواری وەبەرهەمهێنان لە کەرتی پاڵاوتندا و هەروەها گوتویەتی بۆ دابینکردنی پـێداویستیـیەکانی سووتەمەنیـیە بۆ پارێزگای کەرکوک و پارێزگاکانی دەوروبەری.

لای خۆیەوە جەلال حاجی ئەحمەد بەڕێوەبەری کۆمپانیای ڕانیە، جێبەجێکاری پـرۆژەکە، بەڵێنی دا پاڵاوگەکە لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بنیادبنرێت، گوتیشی هەموو پـێوەرە جیهانیـیەکانی تێدادەبێت.

هەروەها قاسم عەبدول ڕەحمان بەڕێوەبەری گشتی پاڵاوگەکانی باکور، ئەویش گوتی پاڵاوگەیەکی پـێشکەوتوو دەبێت و بەپـێی پـێوەرە جیهانیـیە نوێـیەکان دەبێت وە ئامادەکاری بۆ هەموو قۆناغەکانی پـرۆژەکە کراوە. گوتیشی پاڵاوگەکە بەنزینی کواڵتی بەرز و سووتەمەنی دیکە بەرهەم دەهێنێت.

جێی ئاماژەیە داعش لە مانگی شەشی ساڵی 2014 پاڵاوگەی نەوتی بێجی داگیرکرد کە گەورەترین باڵاوگەی عێراق بوو و سێ لەسەر چواری سووتەمەنی وڵاتەکەی دابین‌دەکرد. هەرچەندە لە مانگی دەی ساڵی 2015 وە ڕزگارکراوە، بەڵام هێشتا نەخراوەتەوە گەڕ بەهۆی وێرانبوونی زۆربەی یەکەکانی. چاوەڕوان‌‌دەکرێت لە ئەمساڵدا بەشێکی بخرێتەوە کار.

XS
SM
MD
LG