وەزارەتی بەرگری عێراق دەڵێت وەزیری بەرگری هێرشی کراوەتەسەر لەو دەمەی ئەمڕۆ دووشەممە سەردانی بەرەی شەڕی دژی داعشی کردبوو لە پارێزگای نەینەوا.
وەزارەتەکە بەیانـنامەیەکی لەم بارەیەوە دەرکرد و تیایدا نووسیویەتی کاتێـک ئەمڕۆ خالید عوبەیدی لەگەڵ ژمارەیەک ئەفسەری باڵای لەشکری سەردانی بەرەکانی شەڕیان کردبوو، لە نزیک گوندی ئیمام غەربی کە دەکەوێتە نیوان بنکەی گەیارە و ناوچەی ئەجحلە، ڕاستەوخۆ تەقەی لێکراوە و داویانەتە بەر خومپارە، بەڵام هێزی پاسەوانی وەڵامی سەرچاوەی هێرشەکەیان داوەتەوە.
بەپـێی وەزارەتەکە هیچ زیانێـکی گیانی بەر پاسەوانانی وەزیر نەکەوتووە و تەنیا چەند ئۆتۆمبیلێـکیان زیانی جۆراوجۆریان پـێکەوتووە.
خالید عوبەیدی ئەویش لەسەر تویتەری خۆی هەواڵی هێرشەکەی پشـتڕاستکردەوە.
نە وەزارەتەکە و نە وەزیریش باسیان لەوە نەکردووە ئایا داعش لە پشت هێرشەکەوە بووە یان نا.