Accessibility links

محەمەد عەلاوی لەنێوان توڕەیی جەماوەر و هەڵپەی کوتلە سیاسیەکاندا


Tawfiq Allawi
Tawfiq Allawi

ڕاسپاردنی عەلاوی بۆ پێکهێنانی حکومەت، لەکاتێکدایە عێراق بەدۆخێکی تەواو ئاڵۆز و قەیراناویدا تێدەپەڕێت، کاندیدی راسپێردراویش بۆ پێکهێنانی حکومەت، کەسێکی تەنها و بێ پشتیوانە.

دوای کێشمەکێشێکی زۆر، دواجار سەرۆک کۆماری عێراق، محەمەد تۆفیق عەلاوی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق ڕاسپارد، بەڵام سەرکەوتنی کابینەی نوێی حکومەت بە ئەستەم دادەنرێت، بەو پێیەی لەمپەرەکانی بەردەمی کەم نین.

هەر لەگەڵ راسپاردنیدا بۆ پێکهێنانی حکومەت، عەلاوی بەڵێنی پێکهێنانی حکومەتێکی تەکنۆکرات و دوور لە پشک پشکێنەی سیاسی و جێبەجێکردنی خواستی خۆپیشاندەرانی دا، هەروەک هەڕەشەی دەست لەکارکێشانەوەشی کرد، گەر لایەنەکان فشاری لەسەر دروست بکەن.

حەسەن جیهاد وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، که‌ دۆخێ وڵاتەکەی بە ئاڵۆز وەسفکرد، بەدەنگی ئەمەریکای وت"بەڵێنەکانی عەلاوی بە خۆپیشاندەران زۆر باش بوون، بەڵام پێناچێ حیزبەکان ڕازی بن کاندیدیان بۆ وەزارەتەکان نەبێت."

وتیشی"کوتلەکان ڕاستە لە ڕاگەیاندنەکان ئامادەیی خۆیان دەردەبڕن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بێ لایەنی دوور لە پشک پشکێنە، بەڵام کە هاتە سەر حسابات، مەسەلەکە جیاوازە و حیزبەکان دەست بەرداری وەزارەتەکان نابن."

محەمەد تۆفیق عەلاوی، کە وەکو سیاسیەکی بێ لایەن و سەربەخۆ خۆی وێنا دەکات، بەڵام پێشتر وەزیر بووە لەحکومەتی عێراقیدا و دوای رووخانی بەعسیش پەرلەمانتاربووە، بەڵام پاش دروستبوونی کێشەی لەگەڵ مالکی دوور کەوتۆتەوە.

عەلاوی هەرچەندە بەڵێنی گەورەی بە خۆپیشاندەران دا و داوای پشتیوانی لێکردن، بەڵام خۆپیشاندەرانی عێراق کاندیدکردنی ناوبراویان ڕەتکردەوە، بە بە بەشێکیان زانی لە گرێبەستی سیاسی نێوان کوتلە سیاسیەکان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەبەغداوە کەداوایکرد ناوی بڵاو نەکرێتەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"سەرۆکایەتی کۆمار و مەرجەعیەتیش پێشبینیان نەکرد خۆپیشاندەران هێندە پێداگیر بن، بۆ ڕەتکردنەوەی عەلاوی، بەمشێوە بڕژێنە شەقام."

وتیشی"گەر کارتی عەلاوی بسوتێت و کاندیدکردنی سەرنەگرێت، عێراق بەرەو وەزعێکی زۆر خراپ دەڕوات."

لە پاڵ ڕەتکردنەوەیدا لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە، زانیاریەکان ئاماژەبەوەشدەکەن هەریەک لە مالکی و ئەیاد عەلاویش لەگەڵ کاندیدکردنی محەمەد عەلاویدا نەبوون، بەتایبەت مالکی پێشتر کێشەی هەبووە لەگەڵیدا و ئەیادعەلاویش ترسی هەیە لەوەی نزیکایەتیەکەیان، ببێتە هۆی سوتانی لای جەماوەر.

هەرچەندە شەقام دژیەتی و حیزبەکانیش زۆر پشتیوانی نین، بەڵام وادیارە ئێران لاری نەبێت لەکاندیدکردنی و باڵیۆزخانەی ئەمەریکاش لەبەغدا، پشتیوانی خۆی بۆ دەربڕی و مەرجەعیەتیش "گیرۆدەی"دەست ئاڵۆزی دۆخەکەیە.

دوو دڵی کوتلەکان لە پشتگیری کردنی عەلاوی، ئەو مەترسیەی دروستکردووە کە کاندیدکردنی لەنێو پەرلەمانی عێراقدا دەنگ نەهێنێت، بەتایبەت گەر ناوبراو سوربێت لەسەر ڕەتکردنەوەی کاندیدی لایەنەکان بۆ وەزارەتەکان.

نەجات حسێن سەرکردەی ڕەوتی حیکمەی نیشتیمانی شیعی، بەدەنگی ئەمەریکای وت"گەر عەلاوی لەپەرلەمان دەنگی پێویستی نەهێنا، دەبێت سەرۆک کۆمار کەسێکی تر بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕاسپێرێت."

وتیشی"ڕەنگە دەنگی پێویست بهێنیت، چونکە زۆربەی لایەنەکان لاریان نیە لەکاندید کردنی."

کاندیدکردنی محەمەد عەلاوی دوای مشت و مڕێکی زۆر هات، بۆیە ڕەنگە زۆربەی حیزبەکان بەناچاری ڕازی بووبن پێی، بەتایبەت سەرۆک کۆمار وادەی بۆ دیاریکردن و مەرجەعیەتیش پێداگیری دەکرد لەسەر یەکلایی کردنەوەی ئەو پرسە.

حەسەن جیهاد، روونیکردەوە سەرۆک کۆمار کاندیدەکانی پێشتری ڕەتکردەوە چونکە بەناوی کوتلەی زۆرینەوە کاندید دەکران، وتی"بەڵام عەلاوی کاندیدی هەموو لایەنەکانە."

دوای کاندیدکردنی بۆ پێکهێنانی حکومەت، عادل عەبدولمەهدی سەرۆکی دەست لەکارکێشاوەی وەزیرانی عێراق، هیوای خواست حکومەتەکەی عەلاوی هاوشێوەی حکومەتەکەی، نەبێتە قوربانی پشک پشکێنەی سیاسی و ململانێی نێوان لایەنەکان.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:16 0:00


XS
SM
MD
LG