Accessibility links

پەیمانگای ئەمەریکی لە شاری نەجەف دەتەقێنرێتەوە


پەیمانگای ئەمەریکی بۆ زمانی ئینگلیزی (المعهد الأمریكي للغة الأنجليزية) لە ناوچەی غەدیری شاری نەجەفی باشوری عێراق تەقینراوەتەوە و زیانێکی زۆری ماددی بەر بیناکەی کەوتووە.

شەوی پـێنجشەممە لەسەر هەینی بینای پەیمانگاکە بە بۆمبێک کراوەتە ئامانج و هێزەکانی پـۆلیس و ئاسایش گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە. دەڵێن بۆمبەکە هیچ زیانی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە.

چالاکوانانی عێراقی ئۆباڵی هێرشەکە دەخەنە ئەستۆی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران و بە شێوەیەکی گاڵتەئامێز لە تۆڕەکانی سۆشیال میدیا نووسیویانە "وەها تۆڵەی قاسم سولەیمانی دەکەنەوە؟" دەشڵێن پەیمانگاکە تەنیا شوێنێکە بۆ فێرکردنی زمانی ئینگلیزی.

هاشم گەرعاوی جێگری پارێزگار نەجەف لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی ئەلغەدیر گوتی پەیمانگاکە هیچ پەیوەندیـیەکی بە ئەمەریکاوە نیـیە و تەنیا خاوەنی شوێنەکە ئەو ناوەی لێ ناوە.

گوتیشی کامێراکانی چاودێری ناوچەکە ڤیدیۆی کەسێکی گرتووە کە شتێکی لە بەردەم پەیمانگاکە داناوە و پاش چوار خولەک تەقینەوەکە ڕوویداوە.

XS
SM
MD
LG