Accessibility links

سەرۆک وەزیری عێراق سەردانی موسڵ دەکات


سەرۆک وەزیری عێراق سەردانی ناوچە ڕزگارکراوەکانی شاری موسڵی کرد و لەوێ لەگەڵ فەرماندە لەشکریـیەکان کۆبووەوە کە لە ئێستادا پـلان دادەنێن بۆ وەدەرنانی چەکدارانی داعش لەو چەند گەڕەکەی هێشتا لەو شارە بەدەسـتیانەوە ماونەتەوە.

حەیدەر عەبادی ئەمڕۆ چوارشەممە گەشتەکەی ئەنجام دا و سەردانی چەند گەڕەکێـکی ڕۆژئاوای موسڵی کرد کە لەم دوایـیانە ڕزگارکراون. لەوێ چاوی بە هاوڵاتیان کەوت و لە نزیکەوە گوێی لە سکاڵاکانیان گرت و لە بارودۆخیان ئاگاداربوویەوە.

هاوکاتی سەردانەکە، فەریق ڕائید جەودەت فەرماندەی پـۆلیسی فیدراڵی ڕایگەیاند یاریدەدەری یەکەمی ئەبو بەکر بەغدادی ڕێبەری داعش کە ناسراوە بە ئەبو عەبدولڕەحمان کوژراوە لەو کاتەی هێزەکانی پـۆلیس و کاردانەوەی خێرا پـێشڕەویـیان کرد بۆ ڕزگارکردنی هەردوو ناوچەی زنجیلی و ئەلثورە لە ڕۆژئاوای موسڵ.

هەروەها گوتی ڕێبەرێـکی داعش ناسراو بە ئەبو وەلید ئەلتونسی لەگەڵ چوار لە پاسەوانەکانی ئەوانیش بە تۆپـبارانی هێزەکانی پـۆلیس کوژراون لە بارەگاکەیان لە نزیک مزگەوتی ئەسوەد لە ناوچەی موسڵی کۆن.

XS
SM
MD
LG