Accessibility links

خۆپـیشاندەران لە موسڵ پەلاماری کاروانی ئۆتۆمبیلەکانی سەرۆکی عێراق دەدەن


خۆپـیشاندەرانی توڕە لە ئاکامی ڕووداوەکەی دوێنێ پـێنجەشممەی موسڵ، ئەوەی بەهۆیەوە 100 کەس گیانیان لەدەست دا، پەلاماری کاروانی ئۆتۆمبیلەکانی سەرۆکی عێراق و پارێزگاری موسڵیان دا لەو کاتەی سەردانی شوێنی ڕووداوەکەیان کرد.

بەرهەم ساڵح و نەوفەل ئەلعاکوب ئەمڕۆ هەینی گەیشتنە شوێنەکە و لەوێ کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا. هاوکات خۆپـیشاندەرانی توڕە لە بەردەم شوێنی کۆبوونەوەکە گردبوونەوە و داوایان دەکرد پارێزگار دەست لەکارەکەی بکێشێتەوە و سەرۆک کۆمار نابێت بڕوات هەتا ئەو کاتەی بەرپـرسانی ڕووداوەکە سزا دەدرێن.

بەڵام کاتێک شوێنی کۆبوونەوەکەیان جێهێشت، کەوتنە بەر پەلاماری خۆپـیشاندەران و بە پەلە ناوچەکەیان جێهێشت. کاروانی ئۆتۆمبیلەکانی پارێزگار لە دوو خۆپـیشاندەری دابوو.

جێی ئاماژەیە دوێنێ پـێنجشەممە لەو کاتەی خەڵکێکی زۆر لە ناوچەی دورگەی گەشتیاری موسڵ بوون بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش بەبۆنەی پشـووەکانی بەهار و نەورۆز، قەیاغێک هەوڵی دابوو ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی بگوێزێتەوە، بەڵام لە ناوەڕاستی ئاوی ڕووباری دیجلە بە تەواوی وەرگەڕا و لە ئاکامدا قوربانیـیەکی زۆری لێکەوتەوە.

ئەحمەد ئەلجبوری ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی ئەوەی بەرامبەر سەرۆک کۆمار کرا لە دژی ئەو نەبوو، بەڵکو لە دژی پارێزگاری موسڵ بووە کە پارێزگاری لە سەروەت و گیانی خەڵکی موسڵ نەکردووە.

جبوری پـێشتر هەر لەسەر تویتەرەکەی نووسیبووی بەپـێی کامێراکانی چاودێری شوێنەکە، 287 کەس لەسەر قەیاغەکەدا بوون( 103 ژن، 86 پـیاو و 98 منداڵ). هەتا ئێستا 89 تەرم لە ئاوەکە دەرهێنراون و نزیکەی 80 کەس خۆیان ڕزگارکردووە و هێشتا 118 کەس بێ سەروشوێنن.

XS
SM
MD
LG