Accessibility links

هێزەکانی عێراق پـێشڕەوی دەکەن بە ئاڕاستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی موسڵ


هێزەکانی عێراق بۆ ڕۆژی دووەم بەردەوامن لە هەڵمەتەکەیان بۆ ڕزگارکردنی بەشی ڕۆژئاوای شاری موسڵ لە داعش و لە ئێستادا چەند کیلۆمەترێـک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی موسڵەوە دورن.

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لەشکری عێراق و پـۆلیسی فیدراڵی لەگەڵ حەشدی شەعبی توانیویانە گوندی ئەلبوسیەفی باشوری شارەکە ڕزگاربکەن لەگەڵ بەشێـکی گوندی یەرموک کە چەند کیلۆمەترێـک لە فڕۆکەخانەکەوە دورە.

عەمید عەباس ئەلجبوری فەرماندەی هێزی بەرپەرچدانەوەی خێرا بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت " هەتا ئێستا ئامانجەکانمان پـێکاوە و وا بەرەو فڕۆکەخانەکە پـێشڕەوی دەکەین."

هەروەها ڕائید مورتەزا عەلی عابد ئەفسەر لە هەمان هێز بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوت چەکدارانی داعش بەرەو ناوشاری موسڵ پاشەکشە دەکەن.

لە ئێستادا لە بەرزایـیەکانی گوندی ئەلبوسەیف تۆپـبارانێـکی چڕی ناوچەی فڕۆکەخانەکە دەکرێت و هاوکات لە ئاسمانەوە بە فڕۆکە لە هێڵەکانی پـێشەوەی داعش دەدرێن.

لە لایەکی دیکە فەریق ڕوکن عەبدول ئەمیر ڕەشید یارەڵڵا فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕزگارکردنی موسڵ ئەویش گوتی فیرقەی عەباسی حەشدی شەعبی و لیوای 36 ی فیرقەی 9 ی زرێپـۆش توانیویانە هەردوو گوندی تەل کەیسوم و ئەللەزاگە لە باشوری ڕۆژئاوای شارەکە ڕزگاربکەن.

ڕۆژی یەکشەممە هێزەکانی عێراق توانیان 13 گوندی باشوری شاری موسڵ لە داعش ڕزگاربکەن. بەپـێی زانیاریـیە هەواڵگریـیەکان مەزەندەدەکرێت نزیکەی 3 هەزار چەکداری داعش لە ڕۆژئاوای شارەکە مابنەوە.

جێی ئاماژەیە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری عێراق ڕۆژی یەکشەممە لە بەیانـنامەیەکدا ڕایگەیان ئۆپەراسیۆنەکان بۆ ڕزگارکردنی بەشی ڕۆژئاوای شاری موسڵ لە داعش دەسـتیپـێکرد.

XS
SM
MD
LG