Accessibility links

فەرماندەیەکی هێزەکانی عێراق: ڕۆژهەڵاتی شاری موسڵ بە تەواوی لە داعش ڕزگارکرا


فەرماندەیەکی هێزەکانی عێراق دەڵێت بەشی ڕۆژهەڵاتی شاری موسڵیان بە تەواوی لە داعش ڕزگارکردووە، ئەمەش پاش سێ مانگ لە دەسـتپـێکردنی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شارەکە.

فەریق ڕوکن تاڵب ئەلشەغاتی فەرماندەی هێزەکانی دژە تێرۆری عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە شارۆچکەی بەرتڵەی ڕۆژهەڵاتی شاری موسڵ گوتی هێزەکانی دژە تێرۆر لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوو بە هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ هێزەکانی دیکە چەند هەڵمەتی ئازایانەیان ئەنجامداوە بۆ ڕزگارکردنی بەشی چەپی شارەکە.

باسی لەوەش کرد داعش زیاتر لە 300 ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو و ژمارەیەکی زۆر کەسی خۆکوژی بۆ ڕاگرتنی پـێشڕەوی هێزەکانی لە موسڵ بەکارهێنا، بەڵام هەموو هەوڵەکانی شکستی هێنا. گوتیشی لە میانەی شەڕەکاندا ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ گیراوە و یارمەتی خەڵکی شارەکە دراوە و لە بەشێکی شوێنە ڕزگارکراوەکاندا ژیانی ئاسایی گەڕاوەتەوە.

گوتیشی هێزەکانی عێراق لە بری هەموو جیهان شەڕی داعش دەکەن و هەتا ئێستا لەم ئۆپەراسیۆنە لەو شوێنانەی هێزەکانی دژە تێرۆر پـێشڕەویـیان کردووە زیاتر لە 3300 چەکداری داعش کوژروان.

جەختی لەوەش کرد هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا لە هێرشە ئاسمانیـیەکان و دیدەوانی ئاسمانی زۆر باشبوون.

فەریق شەغاتی گوتیشی پـێیوایە ڕزگارکردنی بەشی ڕاستی شارەکە ئاسانتربێت، وە هۆکاری درێژخایەنی ماوەی ڕزگارکردنی ڕۆژهەڵاتی شارەکەی گەڕاندەوە بۆ بوونی خەڵکی سیڤیل کە هێزەکانیان هەواڵیان دابوو هەرچی لە توانیاندابێت ئەنجامی بدەن تاوەکو زیان بە خەڵکی سیڤیل نەکەوێت و ژێر خانی شارەکەش وێران نەبێت.

بەپـێی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوو نزیکەی 150 هەزار کەس لە دانیشتوانی موسڵ ماڵ و حاڵی خۆیان لەبەر شەڕەکان جێهێشتووە.

XS
SM
MD
LG