سەرۆک وەزیری عێراق ڕایگەیاند ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی موسڵ دەسـتیپێکرد و داوا لە خەڵکی شاری موسڵ دەکات هاوکاری هێزەکانی وڵاتەکەیان بکەن.
حەیدەر عەبادی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لە وتارێـکیدا لە ڕێگەی کەناڵی تەلەفیزیۆنی فەرمی وڵاتەکەیەوە (ئەلعراقیـیە) ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی بەم زووانە لە ناو موسڵ ئاهەنگ دەگێڕن بە بۆنەی ڕزگارکردنی شارەکە و خەڵکەکەی لە داعش و ئەمە تەنها ئامانجیان لەو شارە.
گوتیشی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو هەوڵ هەبوون بۆ ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنەکە، بەڵام ئەو هەوڵانە هەموو شکستیان پێهێنران. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد تەنها هێزەکانی لەشکر و پـۆلیس عێراق دەچنە ناو شارەکەوە.
پاشان داوای لە هێزەکانی عێراق کرد لە ئەوپەڕی ئامادەباشیدا بن بۆ نەهێشتنی داعش و ئەوانەی لە پشـت داعشەوەن و ئەوانەشی پشـتیوانی لە داعش دەکەن و ئەوانەشی هێز بە داعش دەبەخشن و ئامارازەکانی تێرۆر و سەرکوتکردنی پێ دەبەخشن.
باسی لەوەش کرد تیمی تایبەت دانراون بۆ گرنگیدان بە خەڵکی سیڤیل و هەروەها پاش کۆتاییهاتنی شەڕەکە، شارەکە سەرلەنوێ بنیاددەنرێتەوە و سەقامگیری و ئاشتی بۆ دەگێڕنەوە.
لە لایەکی دیکە برێت مەکگورک نوێنەری سەرۆک ئۆباما بۆ هاوپەیمانێتی دژی داعش لەسەر تویتەرەکەی خۆی هیوای سەرکەوتنی خواست بۆ هێزە عێراقیـیەکان و پـێشمەرگە و خۆبەخشەکانی نەینەوا و گوتی جێی شانازیـیە کە لەم ئۆپەراسیۆنە مێژوویـیە لەگەڵتانداین.
بەپـێی هەواڵەکان لە بەرەکانی شەڕەوە هاوپەیمانان بە فڕۆکە بۆردومانی چڕی داعش لە ناوچەکە دەکەن و هەروەها لە شارۆچکەی گەیارەوە بە موشەک لە شوێنەکانی داعش دەدرێت.