Accessibility links

فەرماندەى هێزە ئاسمانیەكانى عێراق: ئاستى هەماهەنگى نێوان وەزارەتى بەرگرى و وەزارەتى پێشمەرگە بۆ دەستپێكردنى شەڕى موسڵ لەبەرزبوونەوەدایە


فەرماندەى هێزە ئاسمانیەكانى عێراق ، دەڵێت كۆنترۆڵكردنەوەى شارى موسڵ و پاككردنەوەى لەداعش پێویستى بە هەماهەنگى تەواو هەیە لەنێوان وەزارەتى پێشمەرگە و وەزارەتى بەرگرى عێراق و هێزەكانى هاوپەیمانان.

فەریق ئەنوەر حەمەئەمین ، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"ئاستى هەماهەنگى لەنێوان پێشمەرگە و سوپاى بۆ دەستپێكردنى شەرِى موسڵ لەبەرز بوونەوەدایە و ژوورى عەمەلیات لەهەولێر و مەخمور پێكهێنراوە."

فەرماندەى هێزە ئاسمانیەكانى عێراق ، پێیوایە كۆنترۆڵكردنەوەى موسڵ قورس نیە ، ئەگەر هەماهەنگى لەنێوان هێزە عێراقیەكان دا هەبێت ، وتى"لەناو موسڵ هەزاران هاوڵاتى سڤیل ى تێدایە دەبێت پلان بۆ چۆنیەتى مامەڵە لەگەڵ كردنیان دابنرێت."

ئەنوەر حەمە ئەمین ، وتیشى"فرۆكە عێراقیەكان دوو رۆژ جارێك ناو شارى موسڵ بۆمباران دەكەن بێ‌ ئەوەى زیان بەهاوڵاتى سڤیل بگەیەنن."

دەربارەى دوا گۆرانكاریەكانى شەرى رومادى ناوەندى پارێزگاى ئەنبار، فەریق ئەنوەر وتى"ناو شارى رومادى لەداعش پاككراوەتەوە و ئێستا سوپا سەرقاڵى پاككردنەوەى شەقام و بیناكانە لەبۆمبى چێنراو."

لەئێستادا كە هێزە عێراقیەكان خۆیان بۆ شەرى كۆنترۆڵكردنەوەى موسڵ ئامادە دەكەن ، بەڵام پسپۆرانى بوارى سەربازى پێیانوایە ئەو شەرە ئاسان نابێت ، بەو پێیەى موسڵ یەكێكە لەپێگە سەرەكیەكانى داعش و ژمارەیەكى زۆر چەكدارى سەربەو رێكخراوەى تێدایە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:29 0:00
Direct link

XS
SM
MD
LG