Accessibility links

ڕێـکخراوێـک: موسڵ گۆڕسـتانی دەنگی ڕۆژنامەگەری ئازادە


ڕێکخراوێـکی جیهانی کە داکۆکی لە ئازادی کاری ڕۆژنامەگەری دەکات دەڵێت لەوەتای مانگی شەشی سـاڵی 2014 وە داعش شـاری موسڵی داگیرکردووە 48 کەسی دەسـتگیرکردووە کە لە بواری ڕۆژنامەگەری کاریان کردبوو، لەوانە 13 کەسیانی لەسێدارەداوە.

ڕێـکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور Reporters Without Borders ڕاپـۆرتێـکی لەم بارەیەوە بڵاوکردووەتەوە و تیایدا نووسیویەتی ژمارەیەک لەو ڕۆژنامەوانانە ئازادکراون، بەڵام هێشـتا چارەنووسی 10 کەسیان ڕوون نیـیە.

ڕێـکخراوەکە کە بنکەکەی لە فەڕەنسایە دەشڵێت 60 ڕۆژنامەوان و کارمەندی میدیاکان لە شارەکە هەڵاتوون پاش ئەوەی بۆیان ڕوون بووەتەوە کە ئەگەر بێت و لەوێ بمێـننەوە، ئەوا لەسێدارەدەدرێن. ئاماژە بۆ ئەوە دەکات 15 ڕۆژنامەوانیان چوونەتە دەرەوەی وڵات و ئەوانی دیکە ڕوویان لە بەغدا و هەرێمی کوردسـتان کردووە.

ڕێکخراوەکە کە لە ڕاپـۆرتەکەی موسڵ بە گۆڕستانی دەنگی ڕۆژنامەگەری ئازاد ناودێردەکات، دەشڵێت داعش نەک هەر ڕۆژنامەوانانی شارەکەی کردووەتە ئامانج، بەڵکو دەستیشی گرتووە بەسەر تەواوی میدیاکانی نێو شارەکەدا.

ئەلێکسەندرا ئەلخازن بەڕێوەبەری ئۆفیسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕێکخراوەکە دەڵێت داعش کە لە 2014 موسڵی داگیرکرد هەرچی ستدیۆ و ئامێرەکانی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناو شارەکەیە وەکو غەنیمەی شەڕ بە تاڵانبردووە.

پاشان ڕێکخراوەکە داوا لە حکومەتانی عێراق و وڵاتانی ناوچەکە و زلهێزانی ڕۆژئاوا کرد ئەو ڕۆژنامەوانانەی توانیویانە هەڵبێن بپارێزن و مافی پەنابەریـیان بدەنێ.

XS
SM
MD
LG