Accessibility links

ئەفسەرانی لەشکری عێراق: پـێشڕەوی باش لە ئۆپەراسیۆنەکەی تەلەعفەر کراوە


گوتەبێژی فەرماندەیەتی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دەڵێت هێزەکانیان پـێشڕەویـیەکی باشیان لە ناوچەی تەلەعفەر کردووە و داعشیان لەو ناوچەیەی ڕۆژئاوای پارێزگای موسڵ دووچاری شڵەژاندن کردووە.

عەمید یەحیا ڕەسوڵ ئەمڕۆ دووشەممە بۆ ماڵپەڕی ئەلحوڕڕەی ڕاگەیاند کە هێزەکانیان بە پاڵپشـتی هێزی ئاسمانی لە سێ قۆڵەوە پـێشڕەویـیان کردووە و هەتا ئەمڕۆ دووشەممە هێزەکانی فیرقەی 15 ی لەشکری عێراق لە ڕۆژهەڵاتی باشوری تەلەعفەر گوندەکانی حەلاوە و بوشقە و تومی و مجارین ڕزگارکرد و هەروەها جادەی نێوان کەسک و محەلبیەیان بڕیوە.

هاوکات لە باکوری ڕۆژئاوای تەلەعفەر پـۆلیسی فیدراڵی و حەشدی شەعبی گوندەکانی ئەلعەبرەلکەبیرە و ئەلعەبرەلسەغیرە لە داعش پاککردووەتەوە.

لە قۆڵی ڕۆژهەڵاتیش، فیرقەی زرێپـۆشی 9 ی لەشکر لەگەڵ هێزەکانی حەشد توانیویانە جادەی نێوان تەلەعفەر و محەلەبیـیە ببڕن. هەروەها فیرقەی هێزی پـیادەی 16 ی لەشکر ئەوانیش گوندەکانی ئەلعەلەم و خەفاجە و حەلیب ئەلعولیا و طێشەیان ڕزگارکردووە.

لە لایەکی دیکە فەریق ڕائید جەودەت سەرۆکی پـۆلیسی فیدراڵی گوتی هێزەکانی لەگەڵ هێزەکانی حەشدی شەعبی گەیشتونەتە گوندی تەل حیسان و بەوەش 19 کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای تەلەعفەرەوە دورن.

هەروەها عەمید یەحیا ڕەسوڵ گوتی لە ئێستادا لە نێوان 1400 هەتا ئەوپەڕی 2000 چەکداری داعش لە شارۆچکەی تەلەعفەر هەن و زۆربەیان بیانین یان عەرەبی وڵاتانی دیکەن.

ئاماژەشی بۆ سروشتی ناوچەکە کرد کە تەختە و یارمەتی دەدات ئۆتۆمبیل و ماشێنە لەشکریـیەکان بە ئاسانی هاتوچۆی پـیادابکەن، گوتی ئەمە وەهای کردووە کە بتوانرێت لە چەند قۆڵێکەوە هێرش بکرێت و چەکدارانی داعش دووچاری شڵەژاندن ببن.

XS
SM
MD
LG