Accessibility links

هێزەکانی عێراق دەگەنە ناوچەکانی قەراغ شاری تەلەعفەر


فەرماندە لەشکریـیەکانی عێراق دەڵێن هێزەکانیان گەیشتوونەتە چەند ناوچەیەکی قەراغ شاری تەلەعفەر و لە ئێستادا شەڕ لەو ناوچانە بەردەوامن.

فەریق ڕوکن عەبدولئەمیر ڕەشید یارالله فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان ئەمڕۆ سێشەممە بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئەسۆشیەتد پـرێسی ڕاگەیاند هێزەکانی دژە تێرۆر، ئەوانەی لەلایەن ئەمەریکاوە مەشق‌ و ڕاهێنانیان پـێکراوە گەیشتوونەتە گەڕەکی کیفاح لە باشوری ڕۆژئاوای شارەکە.

هاوکات عەمید حەیدەر فازڵ فەرماندەی هێزە تایبەتەکانی عێراق گوتی هەرچەندە چەکدارانی داعش موشەک و بۆمبی چێنراو و کەسی خۆکوژیان لە دژی هێزەکانیان بەکارهێناون، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی بەرگرییەکی توندیان نەکردووە. گوتیشی پـێشبینی دەکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی هێزەکانیان لە ناوەندی شارەکە کە نزیکەی 4.5 کیلۆمەتر لێوەی دورن شەڕەکە قورسترببێت. باسی لەوەش کرد هیچ کەسی سیڤیلی نەدیوە لە ناوچەکە هەڵبێن.

لە لایەکی دیکە ڕاگەیاندنی حەشدی شەعبی دەڵێت گەڕەکی مەلا جاسم لە ڕۆژئاوای شارەکە لەگەڵ گەڕەکی عەسکەری لە باکوری ڕۆژهەڵاتی شارەکە ڕزگارکراون. هەروەها هێزەکانیان گەیشتوونەتە گەڕەکەکانی خەزرا و پـیشەسازی باکور و ئەلنور و ئەلجەزیرە و کیفاحی باکور و کیفاحی باشور و شەڕ تیایاندا بەردەوامن.

XS
SM
MD
LG